رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت، لە چوارچێوەی پلانی پێنج ساڵەدا، نزیکەی 84 تریلیۆن دینار بۆ وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت تەرخانکراوە، هاوکات سیستمێکی نوێی ئەلیکترۆنی بۆ چاودێریکردنی وردی پڕۆژەکان لە سەرتاسەری عێراق کارا کراوە.
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتەکەیان لە چوارچێوەی پلانی گەشەپێدانی نیشتمانی (2024-2028)، "کار لەسەر پاکێجێکی فراوانی پڕۆژەکان دەکات کە ئامانج لێیان باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، هەمەجۆرکردنی ئابووری و کەمکردنەوەی رێژەی هەژاری و بێکارییە."
سەبارەت بە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پڕۆژەکان، هینداوی ئاماژەی بەوە کرد "سیستمێکی پێشکەوتوو"ی بەڕێوەبردن بەناوی (IDMS) پەیڕەو دەکرێت: "ئەم سیستمە بانکێکی زانیارییە کە هەموو وەزارەت و پارێزگاکان پێکەوە دەبەستێتەوە بۆ ئەوەی بە شێوەی ئۆنلاین چاودێریی هەموو پڕۆژەکان بکرێت. جگە لەوەش، تیمە مەیدانییەکانی وەزارەت بەردەوام سەردانی پڕۆژەکان دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە تەکنیکییانەی دێنە پێش کارەکان."
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان ئاماژەی بەوە کرد، کارە لەپێشینەکانی حکومەت بریتین لە "تەواوکردنی پڕۆژە ستراتیژییە گەورەکان، لە سەرووی هەمووشیانەوە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان و بەندەری فاو، لەگەڵ پڕۆژەکانی ژێرخانی ئاو، ئاوەڕۆ، رێگاوبان، تەندروستی و پەروەردە."
بەپێی گوتەکانی هینداوی، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی پلانی حکومەت، "زیادکردنی رۆڵی کەرتی تایبەتە لە ئابووری نیشتمانیدا." باسی لەوەش کرد کە "قەبارەی وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت لەم پلانەدا دەگاتە نزیکەی 84 تریلیۆن دینار، کە دەکاتە 35%ی کۆی گشتی وەبەرهێنانەکان لە عێراق."
وەک گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان دەڵێت، "ئەم هەنگاوە بە ئامانجی کەمکردنەوەی پشتبەستنی عێراقە بە نەوت و گۆڕینی ئابووری وڵات بۆ ئابوورییەکی بەرهەمهێنەر، بە جۆرێک کە فشار لەسەر دامەزراندنی حکومی کەمبکاتەوە و هەلی کار لە کەرتی تایبەتدا بڕەخسێنێت."

