رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای ئەنبار رایگەیاند، سێ کەسیان لە قەزای گەرمە دەستگیرکردووە کە سووکایەتییان بە گەنجێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت کردبوو و دیمەنەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردبووەوە. فەرماندەی پۆلیسی پارێزگاکەش پێشوازی لە گەنجەکە کرد و رایگەیاند "کەرامەتی هاونیشتمانییان هێڵی سوورە".
دوای ئەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە کە تێیدا سێ کەس هێرش دەکەنە سەر گەنجێکی خاوەن پێداویستی تایبەت و سووکایەتیی پێدەکەن، پۆلیسی ئەنبار دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد و توانییان لە ماوەیەکی کورتدا لە قەزای گەرمە هەر سێ تۆمەتبارەکە دەستگیریان بکەن.
پۆلیسی ئەنبار دەڵێ، تۆمەتبارەکان رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ ئەوەی سزای یاسایی خۆیان وەربگرن. ئاماژەی بەوەش کرد، رێگە بە هیچ جۆرە پێشێلکاری و سووکایەتیکردنێک بە شکۆی هاونیشتمانییان نادەن، بەتایبەتی بەرامبەر خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان.
لیوا عادل حامید رەشید، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای ئەنبار پێشوازی لەو گەنجە کرد کە هێرشی کرابووە سەر.
فەرماندەی پۆلیسی ئەنبار سەرەڕای رێزلێنان لەو گەنجە، کۆمەڵێک پێداویستی، جلوبەرگ و پاسکیلێکیان بە دیاریی پیدا. هاوكات رایگەیاند، ئاسایش و کەرامەتی هاونیشتمانییان "هێڵی سوورە" و رێگە بە هیچ جۆرە پێشێلکارییەک نادرێت.
