رووداو دیجیتاڵ
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق ئاماری بەکارهێنانی ئینتەرنێت و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی لە رۆژانی جەژنی قورباندا بڵاوکردەوە. بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە 10 هەزار تێرابایت داتا ئاڵوگۆڕ کراوە و هەولێر و سلێمانی و دهۆکیش لە پێشەوەی زۆرترین بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت و مۆبایل بوون.
رۆژی دووشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2026، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بڵاویکردەوە، لە رۆژانی جەژنی قورباندا خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت لە سەرتاسەری وڵات "سەقامگیر بوون و ژمارەیەکی پێوانەیی لە بەکارهێنان تۆمارکراوە."
بەپێی ئامارەکانی دەستەکە، پارێزگاکانی کەربەلا، نەجەف، هەولێر، سلێمانی و دهۆک لە پێشەوەی ئەو پارێزگایانە بوون کە زۆرترین خزمەتگوزاریی پەیوەندییان تێدا بەکارهێنراوە. ژمارەی بەشداربووانی چالاک لەو پارێزگایانەدا گەیشتووەتە زیاتر لە 17.4 ملیۆن کەس.
ئامارەکان بە ژمارە:
- پەیوەندیی تەلەفۆنی: 60.4 ملیۆن پەیوەندی.
- کورتەنامە: 10.3 ملیۆن نامە نێردراون.
- بەکارهێنانی داتا: 10.372 تیرابایت داتا ئاڵوگۆڕ کراون.
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان ئاماژەی بەوە کردووە، بەکارهێنانی داتا و ئینتەرنێت لەم جەژنەدا بە رێژەی 27.3% زیادی کردووە بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی 2025دا؛ هەروەها پەیوەندییە دەنگییەکانیش بە رێژەی 2% زیادیان کردووە.

