رووداو دیجیتاڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان لە عێراق هەڵوەشاندنەوەی باندێکی نێودەوڵەتیی بازرگانیکردن بە حەبی (لاریکا) لە بەغدا رادەگەیێنێت. لە نێو دەستگیرکراوەکاندا دوو دەرمانساز و بازرگانێکی بیانی هەن. عەباس بەهادلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2026 بە رووداوی راگەیاند، یەکەکانیان لە کەرخی بەغدا، لە ئۆپەراسیۆنێکیدا توانیویانە باندێکی نێودەوڵەتیی بازرگانانی حەبی (لاریکا) و کارتێکەرە هۆشییەکان هەڵبووەشێننەوە و چوار تۆمەتبار دەستگیربکەن. عەباس بەهادلی رایگەیاند:" لە نێو دەستگیرکراوەکاندا بازرگانێکی بیانی و دوو دەرمانساز هەن. ئۆپەراسیۆنەکە دوای هەوڵێکی هەواڵگریی ورد ئەنجامدرا کە تێیدا یەکێک لە تۆمەتبارە سەرەکییەکان لە دەرەوەی وڵاتەوە هێنرایە نێو بەغدا و لە کاتی دابەشکردنی حەبەکان بەسەر دەرمانخانەکاندا و ئەنجامدانی تاوانەکەدا دەستگیرکرا". بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکانی عێراق، لەو چالاکییە ئەمنییەدا دەست بەسەر زیاتر لە 33 هەزار حەبی هۆشبەر و کارتێکەری هۆشیدا گیراوە، کە 29 هەزار دانەیان حەبی (لاریکا) بوون، لەگەڵ چوار هەزار حەبی کارتێکەری هۆشی جۆراوجۆری دیکە. بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، ئەم ساڵ 37 کەس سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و 173 کەسیش بە تاهەتایی سزادراون، دوو هەزار و 288 کەسەکەی دیکەش سزای جیاوازی زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە. لاریکا چییە؛ مەترسییەکانی چین؟ حەبی لاریکا (Larica) یان پریگابالین، دەرمانێکە بۆ چارەسەری ئازاری دەمار، پەرکەم و دڵەڕاوکێ، بەڵام بەکارهێنانی بەبێ رێنمایی پزیشک دەگاتە رادەی ئالوودەبوون. مەترسییە سەرەکییەکانی لاریکا: - جەستە و مێشک زوو لەگەڵ دەرمانەکە رادێن، ئەمەش وادەکات بەکارهێنەر بەردەوام پێویستی بە زیادکردنی بڕەکەی هەبێت. - وازهێنانی کتوپڕ دەبێتەهۆی دڵەڕاوکێی تووند، بێ خەوی، ئارەقکردنەوە، هێڵنجدان و تەنانەت گرژبوونی دەماریش. - دەبێتەهۆی خەمۆکی و دروستبوونی بیرۆکەی زیانگەیاندن بە خۆ. - ئاگایی و هاوسەنگیی مێشک کەمدەکاتەوە و دەبێتە هۆی سەرگێژخواردنی بەردەوام. - بەکارهێنەر تووشی سستی لە پەرچەکردار، تێکچوونی دەربڕین و کێشەی بیرچوونەوە دەکات. - کاریگەریی نەرێنی لەسەر توانا و ئارەزووی سێکسی هەردوو رەگەز دادەنێت. پزیشکان جەخت دەکەنەوە کە پێویستە ئەم دەرمانە تەنیا بە رەچەتەی فەرمی و لەژێر چاودێریی وردی پزیشکی پسپۆڕ بەکاربهێندرێ، بۆ ئەوەی رێگری لە ئالوودەبوون و لێکەوتە مەترسیدارەکانی بگیرێت.