رووداو دیجیتاڵ گرووپی ئەسحابولکەهف، کە یەکێکە لە گرووپە پێکهێنەرەکانی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق و نزیکە لە ئێران، دانانی چەک رەتدەکاتەوە و پێیوایە کە مەرجەعیەت پاڵپشتیی ئەو چەکدانانە ناکات و دەڵێت:" هەر لایەنێک داوامان لێدەکات دەستبەرداری موقاوەمە بین، پێویستە نووسراوی فەرمیی مەرجەعیەتمان بۆ بهێنێت." گرووپی ئەسحابولکەهف راگەیێنراوێکی لەبارەی چەکدانان بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "بەردەوام لە نێو ناوەندە ترسنۆکەکاندا بانگەشە بۆ دانانی چەک دەکرێت، بەوەی گوایە مەرجەعیەت پاڵپشتیی ئەوە دەکات، بەڵام مەرجەعیەت هەرگیز لەو پرسانەدا بێدەنگ نەبووە کە زیانی بە کارووباری خەڵک گەیاندووە." ئەو گرووپە دەڵێت: "بە گەڕانەوە بۆ مێژوو ئەوە دەردەکەوێت کە هیچ رۆژێک نەبووە مەرجەعیەت سست و کەمتەرخەم بووبێت لە داواکاریی هەڵگرتنی چەک و رووبەڕووبوونەوەی داگیرکەران" ئەو هەڵوێستەی گرووپی ئەسحابولکەهف هاوکات بوو لەگەڵ راگەیێنراوێکی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کە تێیدا پاڵپشتیی دابڕاندنی دەستەی حەشدی شەعبی لە لایەنە سیاسییەکانی کرد و رایگەیاند، بڕیاری جەنگ و ئاشتی بەدەست دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتەوەیە و هەر کردەوەیەک لەدەرەوەی ئەوە، بە دەرچوون لە یاسا هەژمار دەکرێت. هەروەها سەرۆکوەزیرانی سەرپشک کرد لە گرتنەبەری رێکار و بڕیاری پێویست لەوەی کە پەیوەندیدارە بە سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەتەوە. گرووپی ئەسحابولکەهف رایگەیاندووە، مەرجەعیەت لە 23ی ئەیلوولی 2024، حیزبوڵڵای بە موجاهید و بەرگریکاری پاڵەوان ناوبردووە و پاڵپشتیی لە بڕیاری حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی پێشووی حیزبوڵڵا کردووە لە بەشداریکردن لە جەنگ لە دژی ئیسرائیل بۆ پاڵپشتیی فەلەستین. ئەو گرووپە ئاماژەی بەوە کردووە کە "پەنجەیان لەسەر پەلەپیتکەی تفەنگە بۆ جەنگ". مەرجەکەشی بۆ چەکدانان ئەوەیە: "هەر لایەنێک دەیەوێت ئەو گرووپە دەستبەرداری موقاوەمە بن، پێویستە نووسراوێکی مەرجەعیەتیان بۆ بهێنن." ئەسحابولکەهف لە ساڵی 2020، دوای کوژرانی ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری ئەو کاتی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی ئەو کاتی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە بەغدا دامەزرا. ئەو گرووپە تەنیا لە 16 رۆژی یەکەمی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، بەرپرسیارێتیی 10 هێرشی لە ئەستۆ گرتووە کە 60%یان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بوون.