رووداو دیجیتاڵ
یەکەم کاروانی ئەمساڵی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستانەوە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، کە نزیکەی 600 خێزانن، ئەوە لەکاتێکدایە کە شەش مانگە هاوکاریی دارایی نەدراوەتە ئەو ئاوارانەی پێشتر گەڕاونەتەوە.
عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لە چەند رۆژی داهاتوودا نزیکەی 600 خێزانی ئاوارە لە کەمپی ئاوارەکانی سنووری پارێزگای دهۆک دەگەڕێنەوە بۆ زێدی پێشووی خۆیان.
ئەوە یەکەم کاروانی ئاوارەکان دەبێت کە ئەم ساڵ بگەڕێنەوە. هەر خێزانێک یەک ملیۆن و 500 هەزار دیناری دەدرێتێ تێچووی گەڕانەوەیان، کە لەلایەن رێکخراوێکی نێودەوڵەتییەوە بۆیان دابین کراوە.
ئێستا نزیکەی 18 هەزار خێزانی ئاوارە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان ماون، کە زۆربەیان کوردی ئێزدین و لە 22 کەمپدان؛ لەو ژمارەیەش 18 کەمپیان لە سنووری پارێزگای دهۆکن.
بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، دەبووایە هەر خێزانێک لە کاتی گەڕانەوەیدا چوار ملیۆن دیناری وەک هاوکاریی دارایی پێبدرێت، بەڵام عەلی جەهانگیر گوتى: "ماوەی شەش مانگە بەهۆی پەسندنەکردنی یاسای بودجەوە، ئەو هاوکارییە نەدراوەتە ئەو ئاوارانەی کە گەڕاونەتەوە. لە کۆی 13 هەزار خێزانی ئاوارە کە گەڕاونەتەوە، تاوەکو ئێستا نزیکەی هەشت هەزار خێزانیان ئەو هاوکارییەیان وەرگرتووە".
بودجەی ساڵانەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق 276.9 ملیار دینارە؛ لەو بڕە 15.9 ملیار دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ئەو وەزارەتەیە.
لە ساڵی 2014، چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر قەزای شنگال، بەهۆیەوە هەزاران کوردی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون و هەندێکیشیان بەرەو دەرەوەی وڵات کۆچیان کرد.




.jpg&w=3840&q=75)