رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە بەغدا ئەنجامی سەرەتایی لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەی عەدنان محەممەد مەحموود، بریکاری پێشووی وەزیری نەوتی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارەی کاش، زێڕ، چەک و دەیان موڵکدا گیراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە (2ی حوزەیرانی 2026)، دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگەی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئاماژەی بەوە کرد، لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ تۆمەتباری دەستبەسەرکراو (عەدنان محەممەد مەحموود) و گرووپەکەی، ئەنجامی گەورەیان هەبووە و دەست بەسەر چەندین موڵک و ماڵی ئەوان و ئەو کەسانەشدا گیراوە کە پەیوەندییان بە دۆسیەکەوە هەبووە.
داوەری تایبەتمەند بە دۆسیەکە دەڵێ: "تاوەکو ئێستا دەست بەسەر نزیکەی 40 موڵکدا گیراوە کە دەکەونە پارێزگاکانی بەغدا، سەلاحەدین و هەولێر."
سەبارەت بە بڕی ئەو پارە و زێڕەی لەو دۆسیەیەدا دەستی بەسەردا گیراوە، دادوەرەکە دەڵێ: "توانراوە بڕی 10 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و 3 ملیار دیناری عێراقی، لەگەڵ کیلۆ و نیوێک زێڕ دەستی بەسەردا بگیرێ."
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوی دادگا، لە ماڵی تۆمەتبار و گرووپەکەیدا بڕێکی زۆر چەکی سووک و مامناوەند دۆزراونەتەوە و دەستیان بەسەردا گیراوە.
دادوەریی لێکۆڵینەوە جەخت لەوەش دەکاتەوە کە ئەمە کۆتایی دۆسیەکە نییە و رایگەیاند: "لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی پەیوەندییان بەم تاوانەوە هەیە."
عەدنان محەممەد مەحموود لە سەردەمی محەممەد شیاع سوودانیدا بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری پاڵاوتن و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای پاڵاوتنی باکوور و پاڵاوگەی بێجی بوو.
عەدنان محەممەد یەکێکە لەو بەرپرسە باڵایانەی لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراقدا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێ. رۆژی شەممە 30ی ئایاری 2026 لە ناوچەی ئیسحاقی لە پارێزگای سەلاحەدین دەستگیرکرا.



