رووداو دیجیتاڵ پێوەری ئاستی بەرهەمهێنانی زەوی و گەنمی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی، دوو لەو کێشانەن رووبەڕووی جووتیارانی کورد لە کەرکووک دەبنەوە، کاتێک لە سەرەتای مانگی داهاتوودا دەست بە رادەستکردنی گەنمەکەیان دەکەن. حەسەن حەمدی، بەڕێوەبەری سایلۆی کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بڕیاری داوە لە یەکی حوزەیرانەوە دەست بە وەرگرتنی گەنم بکرێ و نۆرەى وەرگرتنەکە بۆ رادەستکردن بە ئەلیکترۆنی دەبێت." بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، نزیکەی 410 هەزار دۆنم گەنمی کەرکووک لەنێو پلانی کشتوکاڵیدایە کە هەر تۆنێکی گەنمەکەی بە 750 هەزار دینار وەردەگیرێ. محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم ساڵ چەند کێشەیەک رووبەڕووی جووتیاران دەبێتەوە. یەکێکیان ئەوەیە تۆنێک گەنمی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی بە 500 هەزار دینار وەردەگیرێ کە کەمترە لە گەنمی نێو پلانی کشتوکاڵی. هەروەها پێوانەی ئاستی بەرهەمهێنانی دۆنمێکى زەوییەکانیش کەم کراوەتەوە لە 950 کیلۆگرامە بۆ 700 کیلۆگرام و کەمتر. ئەگەر بڕی گەنمی ئەو زەوییانەش زیاتر بێت لەو بڕە پێشبینیکراوە بۆ بەرهەمهێنان، هەر ئەوە وەردەگیرێ کە پێشبینی کراوە." لە سەرانسەری عێراق زیاتر لە چوار ملیۆن دۆنم زەوی خراوەتە پلانی کشتوکاڵییەوە کە هەر تۆنێک گەنمی ئەو زەوییانە بە 700 هەزار دینار وەردەگیرێ کە زیاتر لە 150 هەزار دیناری لە پار کەمترە. عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕی پێشبینیکراوی گەنمی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە کەرکووک کراوەتە سێ جۆر. ئەوانەی بە سیستمی ئاودێریی نوێ ئاو دەدرێن بۆ هەر دۆنمێک 950 کیلۆگرام دیاری کراوە. ئەوانەی بە ئاوی چەم و بە شێوازى بەراو ئاو دەدرێن هەر دۆنمێکی 750 کیلۆگرامى بۆ دیاری کراوە، بەڵام ئەوەی دێمن و پشت بە باران دەبەستن 300 کیلۆگرام دیاری کراوە کە جووتیارانی کورد زۆربەیان لەم جۆرە زەویەیان هەیە". لە سنووری کەرکووک وەزارەتی بازرگانیی عێراق چوار سایلۆی هەیە کە توانای وەرگرتنیان دەگاتە نزیکەی 500 هەزار تۆن گەنم .