رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە مۆسکۆ رایگەیاند، عێراق نابێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتییەکان و رێگەش نادات خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت. هاوکات "شەڕی بێ پاساو دژی ئێران و کوشتنی خەڵکی مەدەنی" سەرکۆنە کرد.
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە "کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیی لێپرسراوانی باڵای کاروباری ئاسایش" لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا رایگەیاند، "سەروەریی عێراق و یەکپارچەیی خاکەکەی هێڵی سوورن و جێگەی سازش نین." گوتیشی، "عێراق مەیدانی ململانێ و یەکلاکردنەوەی حساباتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان نییە، بەڵکو دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییە و دەیەوێت ببێتە ناوەندێکی دیالۆگ و فاکتەری سەقامگیری لە ناوچەکەدا."
قاسم ئەعرەجی ئاماژەی بەوە کرد، "رێگە نادەین خاکی عێراق ببێتە بنکەیەک بۆ هەر کارێکی سەربازی کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتانی دیکە بکات."
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دەربڕی و گوتی، "عێراق ئەو شەڕە بێ پاساوەی کە کراوەتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران شەرمەزار دەکات، هەروەها بە تووندی سەرکۆنەی بۆردومانکردنی خەڵکی مەدەنی، قوتابخانەکان و کوشتنی منداڵان دەکەین و بە کارێکی نائەخلاقی و پێشێلکارییەکی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکانی دەزانین."
ئەعرەجی ئاماژەی بەوە کرد کە "ئەزموونی عێراق لە شەڕی تیرۆردا سەلماندوویەتی کە ئاسایش تەنیا بە هێزی سەربازی بەدی نایەت، بەڵکو پێویستی بە چارەسەرکردنی رەگ و ریشەی کێشە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان هەیە." باسی لەوەش کرد کە ئێستا هەڕەشەکان گۆڕاون و "جەنگی سایبەری و زانیاری و گوشارە ئابوورییەکان" بوونەتە ئامرازی نوێی ململانێ کە پێویستییان بە هاوکاریی نێودەوڵەتیی بەهێزتر هەیە.
.jpg&w=3840&q=75)