رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى دەرەوەى عێراق سەرکۆنەى ئەو هێرشانەى کرد کە بە درۆن و مووشەک کرانە سەر کوێت.
هەینى 29ى ئایارى 2026، وەزارەتى دەرەوەى عێراق لە راگەیێنراوێکدا سەرکۆنەى ئەو هێرشانەى کرد، کە بە درۆن و مووشەک کرانە سەر کوێت و رایگەیاند، هەموو جۆرە کارێک رەتدەکاتەوە، کە ئەگەر ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتانى ناوچەکە.
وەزارەتى دەرەوەى عێراق داوای کرد، دانبەخۆداگرتن و خۆلادان هەبێت لە بارگرژى بۆ کەمکردنەوەى ئاڵۆزى و بەهێزکردنى سەقامگیرى و ئاسایشى هەرێمی.
پێنجشەممە، 28ی ئایاری 2026، وەزارەتی بەرگریی کوێت رایگەیاند کە سیستمەکانی بەرگریی وڵاتەکەی رووبەڕووی هێرشێکی درۆنی و مووشەکی بوونەتەوە، وەزارەتى دەرەوەى ئەو وڵاتە کۆمارى ئیسلامیی ئێرانی تۆمەتبار کرد بە ئەو هێرشانە.
وەزارەتى دەرەوەى عێراق بە پێویستى زانى کە پشت بە دیالۆگ و رێگە دیپلۆماسییەکان ببەسترێت بۆ چارەسەرى قەیرانەکان و پاڵپشتیی عێراقیشی بۆ هەموو هەوڵەکان دووپاتکردەوە بۆ رێگرى لە زیادبوونی بارگرژی و تووندوتیژی، هەروەها کارکردن بۆ گەیشتن بەچارەسەرێکی ئاشتییانە کە ئاسایش و سەقامگیریی گەلانی ناوچەکە بپارێزێت.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران، ئەویش وەڵامی هێرشەکانی دایەوە، لە چوارچێوەی وەڵامەدا وڵاتانی کەنداوی کردە ئامانج لەوانەش کوێت، کە لە ماوەی 40 رۆژی جەنگەکەدا رووبەڕووی سەتان هێرشی درۆنی و مووشەکی بووەوە.
