رووداو دیجیتاڵ
گرووپی ئەولیا دەم، کە یەکێکە لە گرووپە چەکدارەکانی ناو "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق"، رەتیدەکاتەوە چەک دابنێت بەر لەوەى "داگیرکەر" لە عێراق بچێتە دەرەوە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەمریکا. گرووپەکە دەڵێت: "لە ئاشتی دا ئەوانە لەبیر دەکرێن کە خاکی وڵاتیان پاراستووە."
ئەبو مەهدی جەعفەری، گوتەبێژی گرووپی ئەولیا دەم رایگەیاند: "چەکدانان نییە و هیچ دڵنیاکردنەوەیەکیش لە ئارادا نییە پێش ئەوەی ستەم هەڵنەگیرێت و کۆتایی بە داگیرکاری لە عێراق نەیەت،" ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ هەڵوێستی ئەو گرووپە سەبارەت بە هەبوونی سوپای ئەمریکا لە عێراق.
سەرایا ئەولیا دەم، گرووپێکی چەکداری شیعەی عێراقییە و نزیکن لە کۆماری ئیسلامیی ئێران. لە جەنگی 40 رۆژەی ئەمریکا لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بەرپرسیارێتیی چەندین هێرشیان گرتەئەستۆ کە بە درۆن کرانە سەر هەرێمی کوردستان و ناوەندە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە.
ئەبو مەهدی جەعفەری دەڵێت: "لە جەنگدا بە کوڕی باش بانگمان دەکەن و لە ئاشتیشدا ئەو کەسانە لەبیر دەکرێن کە خاکیان پاراستووە."
ئەو هەڵوێستەی ئەولیا دەم لە کاتێکدایە حکومەتی عێراق لە دانوستاندنی ناڕاستەوخۆدایە لەگەڵ ئەو گرووپە چەکدارانە بۆ ئەوەی چەکیان کۆنترۆڵ بکات.
ئەولیا دەم لە ساڵی 2020 دامەزراوە، لەو کاتەوە بۆ پاڵپشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێرش لە ناو عێراق لە دژی ئەو ئامانجانە دەکات، کە پێیوایە سەر بە ئەمریکان.
