رووداو دیجیتاڵ
لە هەفتەی داهاتووەوە، دوو رۆژ ئینتەرنێتی بێبەرامبەر بۆ چەند پیرۆزگەیەکی شیعە و سوننەکان دابین دەکرێت و لە کاتی بۆنە ئایینییەکانی عاشوورا و چلەی ئیمام حوسێن، هەمان خزمەتگوزاری لە دەروازە سنوورییەکان بۆ زیارەتکاران دابین دەکرێت.
بڕیارەکە لەلایەن مستەفا سەنەد، وەزیری گەیاندنی عێراق بڵاوکراوەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە لە 4ی حوزەیرانەوە دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت، کە هاوکاتە لەگەڵ جەژنی غەدیری شیعەکان.
رۆژانی پێنجشەممە و هەینی بەدرێژایی ساڵ، ئینتەرنێتی چوار پیرۆزگەی شیعە و مەزارگەی ئەبو حەنیفەی سوننەکان لە بەغدا بێبەرامبەر دەبێت.
بەگوێرەی بڕیارەکە، لە چەند یادێکی ئایینیی سوننە و شیعەکاندا ئینتەرنێتی بێبەرامبەر لەناو مەزارگە و پیرۆزگایە ئایینییەکان دابین دەکرێت، لەوانە: لەدایکبوونی پێغەمبەر، جەژنی غەدیر، شەعبانییە، کە یادی لەدایکبوونی ئیمام مەهدی شیعەکانە.
لە یادی عاشوورا و چلەی ئیمام حوسێن، ئینتەرنێتی بێبەرامبەر بۆ زیارەتکاران لە مەزارگەی ئەو ئیمامەی شیعەکان دابین دەکرێت، کە ئەم ساڵ رۆژانی 26ی حوزەیران و 3ی مانگی ئابی داهاتووە.
لەو دوو بۆنەیەدا ئینتەرنێتی بێبەرامبەر لە دەروازە سنوورییەکان بۆ زیارەتکاران دابین دەکرێت، کە بە مەبەستی بەشداریکردن لەو بۆنانەدا، سەردانی عێراق دەکەن.