رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای ئەنبار لە رێگەی دوو پلانەوە و بە پشتبەستن بە دوو بەنداو، رێگە لە کاریگەری و زیانی زیادبوونی ئاستی ئاوی فورات دەگرێت؛ بەگوتەی ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگا، زیادبوونی ئاوی رووبارەکە بە کەمى دەستیپێکردووە.
هەینی 29ى ئایاری 2026، سەعد غازی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زیادبوونی ئاستی ئاوی فورات لە سنووری پارێزگاکەی بە شێوەیەکی کەم دەستیپێکردووە و گەیشتووەتە ئەو شارە.
زیادبوونی ئاستی ئاوی فورات بەهۆی بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکانی تورکیا بووە، لە سنووری سووریا کێشەی بۆ هەندێک ناوچە دروست کرد و چەند ناوچەیەکی گەشتیاری داپۆشی.
سەعد غازی رایگەیاند، دوو پلان دانراوە بۆ ئەوەی رێگری لە زیانی زیادبوونی ئاوی فورات بکرێت، یەکەمیان گلدانەوەیەتی لە بەنداوی حەدیسە، پلانی دووەمیش دواتر دەست پێدەکات کە گلدانەوەی ئاوەکەیە لە بەنداوى حەبانییە.
ئەو دوو بەنداوەی لەنێو پلانەکەدان لە سنووری پارێزگای ئەنبار و لەسەر رووباری فورات دروستکراون.
بۆ بەدواداچوونی ئامادەکارییەکانی زیادبوونی ئاوی فورات، ئەمڕۆ هەینی موسەنا تەمیمی، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق سەردانی بەنداوی حەدیسەی کرد.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، مەترسی لەسەر ئەو هاووڵاتییانە نییە کە لە نزیک رووباری فورات دەژین، ئاستی ئێستای بەردانەوەی ئاوەکە 700 مەتری سێجایە لە چرکەیەکدا.
