رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی خواردن لە چێشتخانەیەک لە شاری نەجەف نزیکەی 20 کەس ژەهراوی بوون. گوتەبێژی تەندروستیی پارێزگاکە دەڵێ، رووداوەکە دوێنێ ئێوارە بووە، چێشتخانەکە داخراوە و نموونەی خواردنەکان بۆ تاقیگە نێردراوە.
رۆژی شەممە 30ی ئایاری 2026، ماهیر عەبوودی، گوتەبێژی تەندروستیی نەجەف بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نزیکەی 20 کەس بەهۆی خواردن لە یەکێک لە چێشتخانەکانی پارێزگاکە ژەهراوی بوون؛ 16یان لە نەخۆشخانەی فورات و چوارەکەی دیکە لە شاری پزیشکیی سەدر خەوێندراون کە لە چەند خێزانێکی جیاوازن."
گوتەبێژی تەندروستیی نەجەف ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانی چاودێریی تەندروستی دەستبەجێ رێکاری پێویستیان گرتەبەر و نموونەیان لە خواردنەکان وەرگرت کە لەنێو چێشتخانەکەدا بوون، بە مەبەستی پشکنینی تاقیگەیی و دیاریکردنی هۆکاری ژەهراویبوونەکە.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەکانیش لە نەجەف رایگەیاند، بەهۆی ژەهراویبوونی ئەندامانی خێزانێک بە تەواوی، چێشتخانەکەیان داخستووە.
بەپێی راگەیێندراوی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، "داخستنی چێشتخانەکە بەپێی فەرمانی دادوەر و دوای دڵنیابوونەوە لە زانیارییەکان بووە. تیمێکی تایبەت بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەری تاوانە رێکخراوەکان و بە بەشداریی چاودێریی تەندروستی، دەستی بەسەر خواردنەکاندا گرتووە بۆ پشکنین."
تەندروستیی نەجەف باس لەوە دەکات، چێشتخانەکە وەک رێکارێکی خۆپارێزی داخراوە تاوەکو دەرچوونی ئەنجامی پشکنینەکان، دواتر رێکاری یاسایی و تەندروستیی پێویست بەرامبەر خاوەنەکەی دەگیرێتەبەر.
