رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە بەغداوە راگەیێندراوە، کە هەفتەی داهاتوو دروستکردنی فۆڕم بۆ خێزانە نوێیەکان و چەند خزمەتگوزارییەکی دیکە بۆ فۆڕمی ئەلیکترۆنی خۆراک زیاد دەکرێت.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەڕێوەبەری گشتیی پلان و بەدواداچوون لە بازرگانیی عێراق رایگەیاندووە، هەفتەی داهاتوو دروستکردنی فۆڕمی نوێ بۆ خێزانە نوێیەکان دەستپێدەکات.
ئێستا زیادکردنی ناوی منداڵ بۆ فۆڕمی خۆراک لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و تەنیا پارێزگای هەولێر ماوە. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان گوتی: "بەرپرسانی بەغدا دەڵێن، ئەم هەفتەیە لە هەولێریش زیادکردنی منداڵ دەستپێدەکات".
لەبارەی گواستنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی خێزانەکان لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە، بەگوێرەی پلانەکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بێت، "لەم مانگەدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
یەکەم جار 2ـی حوزەیرانی 2025 پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەستیپێکرد، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ گواستنەوەی خێزان و دروستکردنی فۆڕم بۆ خێزانە نوێیەکان لە سیستمەکەدا کارا نەکراوە.
پێش گۆڕینی فۆرمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، لە 5 ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت، بەڵام بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانی 294 هەزار و 432 هاونیشتمانی بەهۆی تۆمارنەکردنیان لە سیستمی ئەلیکترۆنی، بەشەخۆراکیان بڕدراوە.



