رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، دۆخی کارەبای نیشتمانی لە هەولێر و دهۆک رووی لە خراپی کردووە. هاونیشتمانییان گلەیی لە درێژیی کاژێرەکانی پچڕانی کارەبا دەکەن و دەڵێن، موەلیدە ئەهلییەکان لە کاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانی هەڵناکرێن؛ لە بەرامبەریشدا بەرپرسانی کارەبا کەمیی بەرهەمهێنان بە هۆکار دەزانن.
لە ناحیەی بەحرکەی سەر بە هەولێر، پچڕانی کارەبای نیشتمانی گەیشتووەتە لووتکە. دیار مەم، دانیشتووی گەڕەکی 48 لە بەحرکە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "رۆژ هەیە لە 8ی بەیانی تاوەکو 6ی ئێوارە کارەبامان نییە، هیچ موەلیدەیەکیش لە ناحیەکەمان هەڵناکرێت."
لە ناحیەی کەورگۆسکیش دۆخەکە بە هەمانشێوەیە. کاروان ئەحمەد، دانیشتووی گەڕەکێکی ئەو ناحیەیە دەڵێت: "نزیکەی 10 رۆژە کارەبا یەکجار خراپە، خاوەن موەلیدەکان دەڵێن ئامادەین کارەبا بدەین، بەڵام ئیدارەی پارێزگا رێگەمان پێنادات." هاوکات لە نێو سەنتەری هەولێریش گلەیی لە "وەرگرتنی پارەی زیادە و کارنەکردنی موەلیدەکان" دەکرێت.
ئەنجوومەنی موەلیدەکان: تەنیا چاوەڕێی پارێزگاین
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر، لەبارەی هۆکاری هەڵنەکردنی موەلیدەکان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی نوێمان بۆ نەهاتووە، بەڵام ئێمە وەک خاوەن موولیدەکان ئامادەیی تەواومان تێدایە و تەنیا چاوەڕێی بڕیاری پارێزگای هەولێرین بۆ ئەوەی دەست بە پێکردنی موەلیدەکان بکەین."
دهۆک؛ پچڕانی کارەبا گەیشتووەتە 9 کاژێر
لە پارێزگای دهۆک و قەزای ئاکرێ، دۆخەکە هاوشێوەیە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە هەندێک ناوچەی دهۆک کە پڕۆژەی "رووناکی" (کارەبای 24 کاژێری)یان هەیە، پچڕانی کارەبا گەیشتووەتە 9 کاژێر. بەرپرسانی ناوچەکە دەڵێن کێشەکە لە "کەمیی بەرهەمهێنان"ـدایە نەک چاککاریی تەکنیکی، ئەگەر دۆخەکە ئاوا بەردەوام بێت، ئەگەری هەیە پچڕان بگاتە 13 کاژێر.
حازم محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "کەمیی کارەبا گرفتێکی گشتییە و یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانیش بەرزبوونەوەی لۆد و بارقورسیی سەر تۆڕەکانە."
سەبارەت بە کاری موەلیدەکان، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک ئاماژەی بەوە کرد هاوئاهەنگییان لەگەڵ قایمقامییەتەکان هەیە و گوتی: "مانگانە تێکڕای کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی دەدەینە قایمقامییەتەکان، بۆ ئەوەی لەسەر ئەو بنەمایە بەرنامەی کارکردنی موەلیدەکان رێکبخەنەوە." راشیگەیاند، حکومەت و وەزارەتی کارەبا بە رژدی سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکەن.



