رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر راگەیاند، لە شەو و رۆژانی جەژندا بەکارهێنانی هەموو جۆرە تەقەمەنییەک و تەقەکردن بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە، هەر کەسێکیش سەرپێچی بکات رووبەڕووی دادگە دەکرێتەوە.
رۆژی سێشەممە، 26ـی ئایاری 2026، موقەدەم کیفاح حەسەن، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە شەوانی جەژن و رۆژانی جەژندا، هەموو جۆرە تەقەمەنییەک و یارییە ئاگرینەکان بە هەموو شێوەیەک و لە هەموو کاتێکدا قەدەخەیە. هەر کەسێک سەرپێچی ئەم بڕیارە بکات، رێکای یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و رووبەڕووی دادگە دەکرێتەوە."
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتی، تیمەکانیان بەردەوام دەبن لە گەڕان و چاودێریکردن، ئەگەر کەسێک ببینن تەقەمەنی پێیە، بەدواداچوونی بۆ دەکەن تاوەکو ئەو دووکانە دەدۆزنەوە کە تەقەمەنییەکەی لێ کڕیوە. گوتیشی: "تەقەکردن بە مەبەستی دەربڕینی خۆشی بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە و سەرپێچیکار رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە."
لەبارەی هۆکاری ئەم قەدەخەیەش، موقەدەم کیفاح دەڵێت، کە ئەم بڕیارە لە پێناو سەلامەتیی منداڵان و هاووڵاتییانە، چونکە زۆربەی ئەو تەقەمەنییانە دەنگیان زۆرە و دەبنە هۆی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لەناو هاووڵاتییاندا.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی هەولێر، لە جەژنی رەمەزانی رابردوودا تیمەکانی پۆلیس دەستیان بەسەر سەدان تۆن تەقەمەنیدا گرتووە، گوتەبێژی پۆلیسیش باسی لەوەکرد، کە بۆ ئەم جەژنەش هەوڵەکانیان چڕتر دەکەنەوە بۆ رێگریکردن لەو دیاردەیە.
دادگەی باڵای سعودیە راگەیاندووە، بەپێی بەڵگە شەرعییەکان، رۆژی چوارشەممە، 27ی ئایاری 2026، یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە.
