رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ رۆژانی جەژنی قوربان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە.
رۆژی سێشەممە 26ـی ئایاری 2026، ئاسۆ کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە گشتی لە رۆژانی جەژندا کەشوهەوا جێگیر دەبێت؛ تەنیا گۆڕانکاری لە پلەی گەرمادا روودەدات".
بە گوتەی ئەو کەشناسە، بە گشتی ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت. گوتیشی: "سبەی پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ سێشەممە بەرزدەبێتەوە".
بەپێی راگەیێندراوێکی کەشناسی هەرێمی کوردستان، رۆژی چوارشەممە 27-5-2026 کە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە، ئاسمان لەنێوان ساماڵ و پەڵە هەوردا دەبێت. پلەی گەرما بەراورد بە رۆژانی پێشتر 2 بۆ 3 پلە بەرز دەبێتەوە.
بۆ رۆژی پێنجشەممە، کەشناسی دەڵێت، ئاسمان بە گشتی تەنکە هەورێکی بەرزی دەبێت و شەپۆلێکی سووکی تۆز و خۆڵیش دەستپێدەکات، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشووری هەرێمی کوردستان، گەرماش دوو بۆ سێ پلەی دیکە بەرز دەبێتەوە.
لە سێیەم رۆژی جەژندا کە دەکاتە هەینی، ئاسمان لەنێوان ساماڵ و نیمچە هەوردا دەبێت و کەمێک تۆزوخۆڵێش دەبێت، بەڵام گەرما دوو بۆ سێ پلە نزم دەبێتەوە.
هەروەها بۆ رۆژی شەممە، 30-5-2026، کەشناسی پێشبینی دەکات ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور بێت و پلەی گەرماش دووبارە یەک بۆ دوو پلە بەرز دەبێتەوە.
کەشناسی داوا لە هاونیشتمانیان دەکات لە کاتی گەشت و سەیراندا "رێکاری" پێویست بۆ پاراستنی خۆیان لە تیشکی خۆر و تۆزوخۆڵ بگرنەبەر.
