رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی رێگری لە سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، چەند رێنمایی و رێکارێکی نوێی بۆ مەراسیمی قوربانیکردن لە جەژنی قورباندا راگەیاند و جەخت دەکاتەوە، دەبێت هەموو سەربڕینەکان لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بن.
رۆژی سێشەممە 26ی ئایاری 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان، لە رۆژانی جەژنی قورباندا هەموو سەربڕخانەکان بەڕووی هاووڵاتیاندا کراوە دەبن و ستافی پزیشکیی ڤێتێرنەری تێیاندا ئامادە دەبن بۆ پشکنینی ئاژەڵەکان و گۆشتی قوربانی.
وەزارەتی کشتوکاڵ هۆشداری دەداتە هاونیشتمانیان، نابێت بە هیچ شێوەیەک ئەو ئاژەڵەی "گەنە"ی پێوەیە سەرببڕدرێت، هەروەها پێویستە ئاژەڵەکە تەندروست بێت و نیشانەی هیچ نەخۆشییەکی پێوە دیار نەبێت.
بەپێی راگەیێندراوەکە، نابێت ئەو ئاژەڵانە سەرببڕدرێن، کە لە ماوەی 3 هەفتەی رابردوودا دەرمانی چارەسەرییان پێدراوە، مەگەر بە رێنمایی پزیشکی ڤێتێرنەری بێت.
لەبارەی شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ گۆشتدا، وەزارەتەکە داوا لە قەساب و هاونیشتمانییان دەکات "هەموو رێکارەکانی خۆپارێزی بگرنە بەر، لەوانە بەکارهێنانی دەستکێشی لاستیکی و جلی تایبەت، هەروەها شوشتن و تەعقیمکردنی کەلوپەلەکان دوای سەربڕین."
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری دەڵێت، "یەکێکی دیکە لە رێنماییە تەندروستییە گرنگەکان ئەوەیە، کە پێویستە گۆشتی قوربانی پێش خواردن و بەکارهێنانی، بۆ ماوەی 24 کاژێر لەناو ساردکەرەوەدا هەڵبگیرێت، گواستنەوەی گۆشت دەبێت لە پلەی گەرمیی نێوان 2 بۆ 6 پلە بێت و لە کاتی دابەشکردنیشدا تەنیا کیسەی نایلۆنی نوێ و بێڕەنگ بەکاربهێندرێت."
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان کە پاشماوەی سەربڕین لەسەر شەقام و کۆڵانەکان فڕێنەدەن، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، بەڵکو پێویستە پاشماوەکان لەناو کیسەی داخراودا بن و رادەستی شوێنە دیاریکراوەکانی سەربڕخانە و شارەوانییەکان بکرێن.
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی مەترسیدارە و لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا هاوبەشە، ڤایرۆسەکە لە رێگەی "گەنە" یان دەستکاریکردنی خوێن و گۆشتی ئاژەڵی تووشبوو دەگوازرێتەوە. نیشانەکانی نەخۆشییەکە دوای هەفتەیەک لە تووشبوون دەردەکەون و ئەگەر چارەسەر نەکرێت، رێژەی گیانلەدەستدان تێیدا زۆر بەرزە.
