رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، هەڵمەتێکی چڕی بۆ کۆکردنەوەی ئەو ئاژەڵانە دەستپێکرد، کە لەسەر شەقام و شۆستەکان بۆ قوربانی دانراون.
رۆژی چوارشەممە 27ی ئایاری 2026، کە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە، تیمە مەیدانییەکانی بەشی خزمەتگوزاریی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ قایمقامییەت و بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەری، هەڵمەتێکی بەرفراوانیان لەسەر شەقامەکان دەستپێکرد، بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئاژەڵانەی بۆ مەبەستی قوربانیکردن دانراون.
شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، "هەڵمەتەکە دوای ئەوە دێت کە ژمارەیەک لە ئاژەڵداران هاتنی جەژنی قوربانیان بە دەرفەت زانیوە و بەبێ رەچاوکردنی یاسا و رێنماییەکان، شۆستە و شوێنە گشتییەکانیان داگیرکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی شێواندنی سیمای شار و دروستکردنی ئاستەنگ بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان."
لەبارەی سزادانی سەرپێچیکاران، شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، "تیمەکانمان بە شێوەیەکی یاسایی رووبەڕووی سەرجەم ئەو ئاژەڵدارانە بوونەتەوە کە پابەندی رێنماییەکان نەبوون و ئێستاش سەرجەم سەرپێچیکاران رووبەڕووی رێکاری یاسایی کراونەتەوە."
شارەوانیی سلێمانی بانگەوازێکی ئاراستەی دانیشتووانی شارەکە کردووە کە هەست بە بەرپرسیاریێتی بکەن و پابەندی رێنماییەکانی خاوێنڕاگرتنی شار بن، چونکە پاراستنی سیمای سلێمانی بە "ئەرکێکی نیشتمانی و هاوبەش" لەقەڵەم دراوە.
ئەمڕۆ یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە. بەگوێرەی شەریعەتی ئیسلام، لە دوای نوێژی جەژنەوە، موسڵمانان دەتوانن قوربانیی بکەن تاوەکو ئێوارەی چوارەم رۆژی جەژن.
