رووداو دیجیتاڵ
لە سێ رۆژی جەژندا زیاتر لە هەزار و 100 ئاژەڵ بۆ قوربانی لە شاری هەولێر لە سەربڕخانە سەربڕدراون؛ لە هەڵەبجە نزیکەی 550 ئاژەڵ سەربڕدراون. کەمترین قوربانیش لە سەربڕخانەی کەرکووک بووە و بەڕێوەبەرەکەی دەڵێ، ئەمڕۆ سەربڕخانەیان داخستووە.
بەگوێرەی ئاماری سەربڕخانەکان بۆ رووداو، لە سێ رۆژی جەژندا لە شاری هەولێر هەزار و 104 سەر ئاژەڵ سەربڕدراون؛ لە پارێزگای هەڵەبجە 543 سەر و لە کەرکووک 200 سەر ئاژەڵ بۆ قوربانی سەربڕدراون. لە سلێمانی تەنیا رۆژی یەکەمی جەژن 450 سەر ئاژەڵ سەربڕدراون.
هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی سەربڕخانەی هاوچەرخی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی ئەم ساڵ 293 سەر ئاژەڵ بۆ قوربانی سەربڕدران؛ 40ـی گەورە و 253 بچووک. دووەم رۆژ 421 ئاژەڵ کرانە قوربانی کە 65 گەورە و 356 بچووک بوون."
لەبارەی سێیەم رۆژی جەژنیشەوە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی سەربڕخانەی هاوچەرخی هەولێر گوتی، "390 سەر ئاژەڵ کرانە قوربانی؛ 297 گەورە و 93 بچووک."
هەڵمەت هەمزە ئاماژەی بەوەکرد، لە سێ رۆژی جەژندا هەزار و 621 کیلۆ گۆشت بەهۆی نەشیاوی رەتکراوەتەوە و لەنێوبراوە.
لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە دوو سەربڕخانە هەن؛ یەکێکیان لە خورماڵە و ئەوی دیکە لە شاری هەڵەبجە.
ئەمڕۆ شەممە دکتۆر دڵنیا فارووق، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە هەردوو کوشتارگەکە تاوەکو ئەمڕۆ 543 سەر ئاژەڵ بۆ قوربانی سەربڕدراون. جگە لەوانە 64 سەریش بۆ گۆشتفرۆش و چێشتخانەکان سەربڕدراون."
بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری هەڵەبجە گوتی، لە هەردوو سەربڕخانەکەی سنوورەکەیان بەهۆی شیاونەبوونەوە هەزار و 200 کیلۆ گۆشتیان رەتکردووەتەوە.
هەروەها حیکمەت نەعمەت، بەڕێوەبەری سەربڕخانە کەرکووک، ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی گوت: "ئەم ساڵ کەمترین قوربانیی لای ئێمە کرا، بە جۆرێک لە سێ رۆژدا تەنیا 200 ئاژەڵمان سەربڕی."
بەڕێوەبەری سەربڕخانەی کەرکووک گوتی، "لایەنەکان بڕیاریان دا رێگە نەدرێ لە کۆڵان و ماڵان ئاژەڵی قوربانی سەرببڕدرێ، بەڵام شکستیان هێنا و هەزاران کەس لە ماڵ و بازاڕەکان بەشێوەیەکی ناتەندروست ئاژەڵیان بۆ قوربانیی سەربڕی."
حیکمەت نەعمەت ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی کەمیی سەربڕینەوە، بڕیاریان داوە ئەمڕۆ سەربڕخانە دابخەن و نەیکەنەوە.
تاوەکو ئێستا ئاماری قوربانی لە پارێزگای سلێمانی تەنیا لە رۆژی یەکەمی جەژندا بڵاوکراوەتەوە کە 445 ئاژەڵ سەربڕدراون.
