رووداو دیجیتاڵ
سەتان هەزار گەشتیار بۆ پشووەکانی جەژن سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردوووە. بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری قەزای دووکان دەڵێ، تاوەکو دوێنێ 100 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچەکەی کردووە. گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، هیچ رووداوێکی نەخوازراو رووینەداوە.
رۆژی شەممە، 30ـی ئایاری 2026، ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گەشتارێکی زۆر و بەرچاو بۆ پشووەکانی جەژن هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەک هەموو ناوچە گەشتیارییەکان پڕبوون لە گەشتیار".
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێ: "پلانی پێشوازی لە گەشتیاران وەک خۆی جێبەجێکراوە و هیچ رووداوێکی نەخوازراو رووینەداوە. هێزە ئەمنییەکان و فەرمانگەکانی دیکە هاوکاری زۆر باشمان بوون لە پێشوازیکردن لە گەشتیاران".
لە دوو ساڵی پێشوودا لە پشووەکانی جەژنی قورباندا زیاتر لە 400 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو، کە زۆرینەیان لە نێوەڕاست و باشووری عێراقەوە بوون.
لەبارەی ئامارەکانی هاتنی گەشتیارانەوە بۆ ئەم جەژنە، ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتی: "دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان ئاماری سەردانی گەشتیارانمان بۆ دەنێرن، ئێمە بە فەرمی بڵاوی دەکەینەوە. بەگشتی دەتوانین بڵێین چاوەڕوان دەکەین ژمارەی گەشتیاران زیاتربێ لەو گەشتیارانەی جەژنی قوربانی رابردوو سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو".
رێژین رەئووف، بەڕێوەبەری فەرمانگەی گەشتوگوزاری قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی، رۆژی شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەنیا لە سێ رۆژی جەژندا نزیکەی 100 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی سنوورەکەی ئێمەیان کردووە".
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دووکان گوتی: "ئەمڕۆش گەشتیارێکی زۆر هاتوون و چاوەڕێ دەکەین ئامارەکە بەرز بێتەوە".
