رووداو دیجیتاڵ
رۆدری، براوەی باڵۆندۆری 2024، وەک خەونێکی گەورەی بەدینەهاتوو بۆ ریال مەدرید دادەنرێت، بەتایبەت دوای وازهێنانی تۆنی کرووس، لە هەموو وەرزێکی گواستنەوەدا ناوی لە نێو قەڵای 'سانتیاگۆ بێرنابیۆ'ـدا دەبیسترێت، بەڵام تاوەکو ئێستا گرێبەستەکە ئەنجام نەدراوە، بەڵام ئێستا دەنگۆکانی گواستنەوەی بۆ یانەی شاهانە لە هەموو کاتێک زیاتر بوونەتەوە.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاماژەی بەوە کردووە کە رۆدری پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی لەگەڵ پێپ گواردیۆلای راهێنەری مانچێستەر سیتی هەیە، ئەمەش وای کردبوو لە ماوەی رابردوودا دەرگای رۆیشتنی لە یاریگای ئیتیحاد بەتەواوی داخرابێت. بەڵام لەگەڵ ئەگەری رۆیشتنی راهێنەرە ئیسپانییەکە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا، رەنگە جارێکی دیکە دەرگا لەبەردەم ریال مەدریددا بکرێتەوە بۆ یەکلاکردنەوەی گرێبەستەکە.
پێپ نەک تەنیا رۆدری کردە کۆڵەکەیەکی سەرەکی لە مانچێستەر سیتی، بەڵکو یارمەتیدەری بوو لە دروستکردنی کاروانە وەرزشییەکەی و کۆنترۆڵی تەواوی تیپەکەی پێسپاردبوو.
لەژێر سەرپەرشتی ئەودا، ئەم یاریزانە بووە کلیلی یاریی کۆنتڕۆڵکردنی ستیزن، تاوەکو ئەو ئاستەی نەبوونی بەهۆی پێکانەوە سیتی خستە بارودۆخێکی قورسەوە لە زۆربەی کاتەکانی وەرزی رابردوودا.
رۆژنامە ئیسپانییەکە زیادیشی کردووە دەڵێت"لە ریال مەدرید پێیانوایە ئەگەر بارودۆخەکە گونجاو بێت، گواستنەوەکە دەبێتە راستی. یانەکە هەمیشە سەرسام بووە بە تواناکانی رۆدری بەتایبەت وەک سەرکردایەتی، زیرەکی تاکتیکی، هاوسەنگی و توانای کۆنترۆڵکردنی یارییەکە. یاریزانەکەش خۆی زۆر پەرۆشە بۆ پۆشینی درێسی ریال مەدرید.
لە درێژەی بابەتەکەدا هاتووە "لەگەڵ ئەوەشدا پرۆسەکە ئاسان نابێت. یاریزانەکە تاوەکو ساڵی 2027 گرێبەستی هەیە و مانچێستەر سیتیش بەئاسانی دەستبەرداری یەکێک لە گرنگترین یاریزانەکانی نابێت، بەڵام بێگومان ئارەزووی یاریزانە ئیسپانییەکە کارەکان ئاسانتر دەکات".
گرنگیدانی ریال مەدرید بە رۆدری دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی لە ئاتلێتیکۆ مەدرید یاری دەکرد، پێش ئەوەی بچێتە مانچێستەر سیتی و لەوێش خەڵاتی باڵۆندۆری ساڵی 2024ـی بەدەستهێنا.
ئێستاش لەکاتێکدا ریال مەدرید پێویستییەکی زۆری بە دووبارە بنیاتنانەوەی هێڵی ناوەڕاست هەیە، ناوی رۆدری بەهێزتر لە جاران گەڕاوەتەوە نێو بازنەی بایەخی یانەکە.
ئێستا یاریزانەکە هێمنە، چونکە کاری لەپێشینەی تەواوکردنی وەرزەکەیە و هزرکردنە سەر مۆندیال لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا، بەڵام دەنگۆکان بەخێرایی لەنێو یانەی ریال مەدریددا بڵاودەبنەوە.
