رووداو دیجیتاڵ
لیونێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی بەهۆی هەستکردن بە ئازار لە بەستەرەکانی رانی چەپیدا یاریگای جێهێشت، لە یاریی بردنەوەی ئینتەرمەیامی لە فیلادلفیا یونیون بەئەنجامی 6-4. ئەمەش لە کاتێکی هەستیاردایە کە تەنیا 17 رۆژ ماوە بۆ دەستپێکردنی مۆندیالی 2026.
گۆڕانکارییەکی خۆپارێزی
مێسی لە خولەکی 28ـی گێمی دووەم لە یاریگای مەیامی فریدۆم پارک داوای چوونە دەرەوەی کرد، دوای ئەوەی هەستی بە ئازار کرد لە بەشی دواوەی رانی چەپیدا. ماتیو سیلڤێتی هاتە شوێنی و کاپتنە ئەرجەنتینییەکەش راستەوخۆ بەرەو ژووری جلگۆڕین رۆیشت لەکاتێکدا بەزەحمەت رێی دەکرد، تاوەکو پشکنینی پزیشکی بۆ بکرێت.
ماندووبوونی ماسولکەیی
کەناڵی TyC Sportsـی ئەرجەنتینی بڵاویکردەوە کە گۆڕانکارییەکە تەنیا بۆ خۆپاراستن بووە بەهۆی ماندووبوونی ماسوولکەیی، و یاریزانەکە تووشی هیچ پێکانێکی مەترسیدار نەبووە. مێسی پێی باش بووە سەرکێشی نەکات بۆ ئەوەی تووشی دڕانی ماسوولکەیی نەبێت کە لەوانەیە لە شەشەمین مۆندیالی کاروانی پیشەیی بێبەشی بکات.
ستافی هونەریی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین چاوەڕێی ئەنجامی کۆتایی پشکنینەکان دەکەن، لەکاتێکدا پاڵەوانێتییەکە لە 11ـی حوزەیرانی داهاتوو دەست پێدەکات و بڕیارە فیفا لە 2ـی حوزەیران لیستە کۆتاییەکانی هەڵبژاردەکان رابگەیەنێت.
ماندووبوونە نەک پێکانێکی قورس
جیێرمۆ هۆیۆس، راهێنەری تیپەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای یارییەکە گوتی "هێشتا راپۆرتی پزیشکیمان بەدەست نەگەیشتووە، بەڵام ئەو بەدەست ماندووبوونێکی زۆرەوە دەناڵێنێت. زەوی یاریگاکە قورس بوو، کاتێک گومانت لە هەر شتێک هەبێت، هەمیشە باشترین کار ئەوەیە سەرکێشی نەکەیت".
دوایین یاری لەسەر ئاستی یانەکان
ئەمە دوایین یاری مێسی بوو لەگەڵ ئینتەرمەیامی پێش دەستپێکردنی مۆندیال، چونکە خولی ئەمریکی لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا دەوەستێت بۆ ئەوەی یاریزانەکان پەیوەندی بە هەڵبژاردەکانیانەوە بکەن.
پێش پێکانەکەی، مێسی گۆڵی دووەمی بۆ جێرمان بێرتێرامی دروست کرد و کاتێک یاریگای جێهێشت ئەنجامەکە 4-4 بوو. دواتر لویس سوارێز گۆڵی پێنجەم و رۆدریگۆ دی پاوڵ لە رۆژی لەدایکبوونیدا گۆڵی شەشەمی تۆمارکرد و سەرکەوتنیان بۆ تیپەکەی فلۆریدا مسۆگەر کرد.
