رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، واژۆی لەسەر خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی 1385 ئەفسەری هێزەکانی 70، پشتیوانی و بەرگری و فریاکەوتن کرد.
رۆژی دووشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، شۆڕش ئیسماعیل واژۆی لەسەر خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی (فەرماندەیی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە، هێزەکانی پشتیوانی یەک، هێزەکانی پشتیوانی دوو، و فەرماندەیی هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن) کردووە.
بەگوێرەی وەزارەتەکە، لەم خولەدا 1385 ئەفسەر لە سەرجەم ئەو هێزانە پلەکانیان بەرزکراوەتەوە.
لەگەڵ واژۆکردنی خشتەکەدا، وەزیری پێشمەرگە پەیامێکی ئاراستەی ئەفسەران کرد: "ئەم پلەبەرزکردنەوەیە، شایستەییەکی یاسایی و دەرەنجامی راستەوخۆی دڵسۆزی، ماندووبوون و شەونخونی ئێوەی تێکۆشەرە لە راپەڕاندنی ئەرکەکانتان و پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستان."
شۆڕش ئیسماعیل ئاماژەی بە رێکخستنەوەی کاروباری وەزارەتەکە دا و گوتی: "خۆشحاڵین هەوڵەکانمان لە رێکخستنەوە و ئاساییکردنەوەی پرۆسەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە سەرکەوتووبوو؛ ئێستا پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئاسایی و یاسایی لە کات و وادەی خۆیدا جێبەجێ دەکرێت."
وەزیری پێشمەرگە لە کۆتایی پەیامەکەیدا هیوای سەرکەوتنی بۆ ئەفسەران خواست و رایگەیاند، دڵنیایە ئەم قۆناخە نوێیەی پلەبەرزبوونەوە دەبێتە پاڵنەرێکی بەهێزتر بۆ بەردەوامبوون و پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا.

