رووداو دیجیتاڵ
ئەو دەستگیرکراوەی لە سەنتەری شاری کەرکووک لەکاتی گواستنەوەیدا لە دەستی هێزەکانی پۆلیس هەڵاتبوو، جارێکی دیکە دەستگیرکرایەوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو دەستگیرکراوەی کە بەیانی ئەمڕۆ لە ئۆتۆمبێلی پۆلیس هەڵاتبوو، کەمێک لەمەوبەر لە بازگەی چیمەن لەسەر رێگەی کەرکووک - سلێمانی جارێکی دیکە دەستگیرکرایەوە، لەو کاتەی ویستوویەتی بەرەو دەرەوەی شار هەڵبێت."
رۆژی دووشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2026، کەسێک لە بازگەی چیمەن لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دەرکەوتووە لەلایەن دادگایەکی بەغداوە داواکراوە، دوای دەستگیرکردنی رادەستی بنکەی پۆلیسی قەرەهەنجیر کراوە.
سەرچاوە ئەمنییەکە ئاماژەی بەوە کرد، "لە کاتی گواستنەوەی داواکراوەکە لە بنکەی قەرەهەنجیرەوە بۆ زیندانی گرتن و گواستنەوە لە سەنتەری شاری کەرکووک، تۆمەتبارەکە دەرفەتی هێناوە و لەناو ئۆتۆمبێلەکە هەڵاتووە."
دوای رووداوەکە، هێزێکی زۆری ئەمنی لە ناوچەکە بڵاوەیان پێکرا و گەڕان بەدوایدا دەستیپێکرد، سەرئەنجام توانراوە پێش ئەوەی لە سنووری پارێزگاکە بچێتە دەرەوە، لە هەمان ئەو بازگەیەی یەکەمجار تێیدا دەستگیرکرابوو، قۆڵبەست بکرێتەوە.
