رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان "سەرکۆنەی ئەو هێرشە نوێیانە" دەکات کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان.
رۆژی دووشەممە، 01-06-2026، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە 51ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە.
بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، "لەم دۆخە سەختە ئابووری و ناسەقامگیرییە هەرێمییەی کە خەڵکەکەمانی تێدایە، ئەوە دووپات دەکەینەوە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی خۆماندا هاوپشت و هاوسەنگەرین".
سەرۆکی یەکێتی دەڵێت، "لە ناخی دڵمەوە سوپاسی کۆمەڵانی خەڵکی خۆمان بکەم بۆ ئارامگرتن و خۆڕاگرییان و دڵنیایان دەکەینەوە کە لەسەر هەوڵە بێوچانەکانمان بەردەوام دەبین بۆ خزمەتکردن و پاراستنیان".
بافڵ تاڵەبانی ئاماژە بەوەیش دەکات، "لە هەنگاوەکانی داهاتووماندا، یەکڕیزیی عێراق و گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان وەک دوو کۆڵەکەی سەرەکی بۆ سەرکەوتنی وڵاتەکەمان دەمێننەوە. لەپێناو ئەمەشدا، لەگەڵ هاوپەیمان و دۆستەکانمان لە عێراق و سەرانسەری جیهان هەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە".
بافڵ تاڵەبانی لەبارەی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان دەڵێت، "کردەوەی لەم جۆرە هەڕەشە لە سەلامەتی و سەقامگیریی خەڵکەکەمان دەکات و هەوڵەکان بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی ئارام و خۆشگوزەران بۆ هەموو عیراقییەکان تێکدەدەن".
سەرۆکی یەکێتی ئاماژە بەوە دەکات، "بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیرییەکی بەردەوام، دەبێت بە جدی کار بکەین بۆ چاککردنەوە و بنیاتنانی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، لە هەمان کاتدا دڵنیاببینەوە لەوەی عێراق بە سەربەخۆیی و سەروەریی خۆیەوە دەمێنێتەوە".
لە ساڵیادی یەکێتیدا، سەرۆکی یەکێتی باس لەوە دەکات، "لەم یادەدا، رێز لە میراتی بەردەوامی سەرۆک جەلال تاڵەبانی دەگرین، دیدگای بۆ پێکەوەژیان، دیالۆگ، دیموکراسی و هاوبەشیی نیشتمانی بەردەوام رێنیشاندەری رێگەکەمانە".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڵێنە نەگۆڕەکەی دووپات دەکاتەوە، بۆ خەباتکردن لەپێناو تەواوی مافەکانی گەلی کورد لە هەموو شوێنێک، شانبەشانی خوشک و برا سەربەرزەکانمان لە عێراق".

