رووداو دیجیتاڵ
لە ناوەندی پارێزگای سنە بە چەقۆ هێرش کرایە سەر کەسێک کە رەگەزی خۆی گۆڕیوە و کوژرا. ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێ، تاوەکو ئێستا ناسنامەی هێرشکارەکان و پاڵنەری کوشتنەکە ئاشکرا نەکراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 01-06-2026، ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا) بڵاوی کردەوە، ژنێکی رەگەزگۆڕاو بە ناوی مەهشید، تەمەن 26 ساڵ (ناوی ناسنامە: مەجید) کە دانیشتووی گەڕەکی گوڵشەنی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، بە چەقۆ هێرشی کراوەتە سەر و کوژراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رێکخراوەکە، هێرشەکە 30 ئایار لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمی لەبارەی ناسنامەی بکەران و هۆکاری پاڵنەری کوشتنەکە بڵاونەکراوەتەوە.
هاوکات رێکخراوی (شەش رەنگ) کە تایبەتە بە رەگەزگۆڕاوەکانی ئێران بڵاوی کردووتەوە، هێرشەکەی سەر مەهشید لەلایەن کەسانی تووندڕەوی سەر بە سەلەفییەکانەوە کراوە.
لە ساڵی 1987 بە فەتوایەکی ئایەتوڵڵا خومەینی رێبەری پێشووتری کۆماری ئیسلامیی ئێران، نەشتەرگەریی "گۆڕینی رەگەز" لە ئێران رێگەی پێدرا و خوازیارانی، دوای تێپەڕاندنی پرۆسەیەکی درێژخایەنی پزیشکی، دەروونی و دادوەری، دەتوانن نەشتەرگەری بکەن و، دواتر بەڵگەنامە فەرمییەکانیان بەپێی رەگەزە نوێیەکەیان بگۆڕن.
سەرەڕای رێگەپێدانی یاسایی بۆ گۆڕینی رەگەز، زۆر جار رەگەزگۆڕاوەکان لە ئێران رووبەڕووی تووندوتیژی دەبنەوە، یان لە کۆمەڵگەدا پەراوێز دەخرێن.
![مەهشید [مەجید]ی تەمەن 26 ساڵان، ئەوەی کوژراوە.](/_next/image?url=https%3A%2F%2Fimages.rudaw.net%2Fimages%2Fasset%2Fnews%2F20260601173626_11.jpg&w=3840&q=75)