رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە لە عێراق رایدەگەیێنێت، هەفتەی داهاتوو سەردانی هەولێر دەکەن بۆ کردنەوەی وەرزی بەبازاڕکردنی گەنم. دەشڵێت، پێشبینی دەکەن بەرهەمی ئەم ساڵی گەنم لە عێراق پێنج ملیۆن تۆن تێپەڕێنێت.
حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، رۆژی دووشەممە 1ـی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هاوئاهەنگییەکی باشمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە؛ هەفتەی داهاتوو سەردانی هەولێر دەکەین و وەرزی بەبازاڕکردنی دانەوێڵە دەکەینەوە."
سەبارەت بە بڕی بەرهەمی پێشبینیکراو، حەیدەر نووری ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی پلانی وەزارەتی کشتوکاڵ، بڕی 4 ملیۆن تۆن دیاریکراوە، بەڵام گوتی: "پێشبینی دەکەین بەرهەمی ئەم ساڵ بگاتە نزیکەی 5 ملیۆن تۆن یان کەمێک زیاتر."
ئەمە لەکاتێکدایە کە رۆژی 5ـی ئایار، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیارێکی دەرکرد بۆ وەرگرتنی ئەو گەنمەی لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵییە، بەڵام بە نرخێکی کەمتر لە گەنمی نێو پلانەکە.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دانەوێڵە وردەکاریی ئەو بڕەی لە هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت بۆ رووداو ئاشکرا کرد و رایگەیاند، بڕیار وایە 400 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت، کە نرخەکانیان بەمشێوەیە دەبێت:
- گەنمی نێو پلان: 292 هەزار تۆنە و بە نرخی 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەردەگیرێت.
- گەنمی دەرەوەی پلان: 180 هەزار تۆنە و بە نرخی 500 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەردەگیرێت.
سەبارەت بەو جووتیارانەی لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵین، بەتایبەت لە ناوچە دابڕێنراوەکان، حەیدەر نووری گەرعاوی روونیکردەوە کە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ و ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە پێشنیازەکان ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵ دەکرێن، ئەوانیش بەرزی دەکەنەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران "بۆ ئەوەی کێشەی ئەو جووتیارانە تێپەڕێنرێت و چارەسەر بکرێت."
