رووداو دیجیتاڵ
دوای تێپەڕبوونی هەفتەیەک بەسەر ونبوونی منداڵێکی تەمەن چوار ساڵان لە بناری قەندیل، هێشتا منداڵەکە رادەستی کەسوکارەکەی نەکراوەتەوە. هاوسەرۆکی شارەوانیی ناوچەکە دەڵێت، دایک و باوکی خۆیان لە ونبوونی منداڵەکە بێبەری کردووە و پۆلیسی راپەڕینیش دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ سکاڵایەک تۆمار نەکراوە.
رۆژی چوارشەممە، 3ـی حوزیرانی 2026، دڵشێر ئیبراهیم، هاوسەرۆکی شارەوانیی بناری قەندیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دایکی منداڵە ونبووەکە ئازاد کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا باوکی و خاڵی دەستگیرکراون، کەیسەکە لای ئاسایش و پۆلیسە، گەڕانیش بەدوایدا وەستاوە".
بە گوتەی دڵشێر ئیبراهیم، کەسوکاری دەڵێن پێویست ناکات بەدوایدا بگەڕێن، دایک و باوکیشی خۆیان لە ونبوونی بێبەری کردووە و دەڵێن: "ئاگادار نین."
لەسەر هەمان دۆسیە، تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی مافی مرۆڤ لە دەستەی مافی مرۆڤ بە رووداوی راگەیاند: "کەس سکاڵای تۆمار نەکردووە، هەروەها ئەم بابەتە لەلایەن یاساوە رێکاری خۆی وەرگرتووە. ئێمە چاوەدێریی لێکۆڵینەوەکانی هێزە ئەمنییەکان دەکەین و لە هەر شوێنێک زانیمان پێویستی بە ئێمە هەیە، دەستوەردان دەکەین."
شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بە رووداوی گوت: "هیچ سکاڵایەک لەو بارەیەوە لەلای ئێمە تۆمار نەکراوە؛ هیچ زانیارییەکیشمان بۆ نەهاتووە."
یاد سەرباز کە تەمەنی چوار ساڵە، لە پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردووە لە گوندی ئێندزێ ون ببوو. بەپێی زانیارییەکانی ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە راپەڕین کە لە 30-5-2026 راگەیاند: "زانیارییە سەرەتاییەکان باس لەوە دەکەن یاد سەرباز ئێستا سەلامەتە و لەلای خێزانێکی نزیکی خۆیانە، بەڵام هێشتا رادەستی کەسوکارەکەی نەکراوەتەوە."
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەری هەیە ئەم رووداوە پەیوەندی بە "کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە" هەبێت و ونبوونەکە تەنیا بۆ مەبەستی ترساندنی خێزانەکە بووبێت.


.jpeg&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)
