رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی کەرکووک دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند کە حەوت هەزار و 300 دۆلاری ساختەی پێبووە؛ تۆمەتبارەکە لە کاتی کڕینی شتومەک و ساخکردنەوەی یەکەم وەرەقەی 100 دۆلاری لە بازاڕدا، ئاشکرا بووە و دەستگیرکراوە.
عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی چوارشەممە 4ـی حوزەیرانی 2026، کەسێک لە یەکێک لە بازاڕەکانی کەرکووک ویستوویەتی بە 100 دۆلاری ساختە شتومەک بکڕێت، بەڵام فرۆشیارەکە هەستی پێکردووە و بووەتە دەمەقاڵییان.
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد، مەفرەزەکانی پۆلیسی فریاکەوتن کە لە شوێنی رووداوەکە نزیک بوون، دەستبەجێ لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ تۆمەتبارەکە کردووە و لە پشکنیندا دەرکەوتووە کە بڕی حەوت هەزار و 200 دۆلاری ساختەی دیکەشی پێبووە.
عامر شوانی گوتیشی: "تۆمەتبارەکە پێش ئەوەی بتوانێت ئەو بڕە پارە زۆرە لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا ساخ بکاتەوە، قۆڵبەست کراوە."
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی کەرکووک، تۆمەتبارەکە لە نەتەوەی عەرەبە، لەدایکبووی ساڵی 1984ـە و دانیشتووی پارێزگای کەرکووکە. ئێستا تۆمەتبارەکە رەوانەی نووسینگەی نەهێشتنی تاوان کراوە بۆ ئەوەی ڕێکارە یاساییەکانی بەرامبەر بگیرێتەبەر و بەپێی یاسا سزای دادپەروەرانە بدرێت.


.jpg&w=3840&q=75)
