رووداو دیجیتاڵ
زوبێر ئایدار، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵ و نیوێک بەسەر بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە شوباتی 2024 بۆ دانانی چەک، حکومەتی تورکیا هەنگاوی پێویستی نەناوە و دەبوو تاوەکو ئێستا پێگەی یاسایی پرۆسەکە روون ببێتەوە.
ئایدار لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای پەکەکە رایگەیاند، هێشتا گۆشەگیری لەسەر ئۆجەلان بەردەوامە و رێگە بە پارێزەران و شاندەکان نادرێت بە ئاسانی سەردانی بکەن. ئەو گوتیشی، "ئێمە وەک رێکخراو ئەرکی خۆمان جێبەجێ کرد؛ دوو رۆژ دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان ئاگربەستمان راگەیاند، کۆنگرەمان بەست و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەمان دا و هێزەکانمان کشانەوە، بەڵام حکومەت تەنیا بە قسە و بەڵێنی دوای جەژن پرۆسەکەی دواخستووە."
سەبارەت بەو نەخشەڕێگایەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) کە داوای دیاریکردنی پێگەی ئۆجەلانی کردووە، ئایدار باسی لەوە کرد، گوتەکانی باخچەلی لەسەر لایەنی ئاشتی و بەسیاسیکردنی پرۆسەکە ئەرێنین، بەڵام سنووردارکردنی کێشەکە تەنیا لە چوارچێوەی پرسی چەک داماڵیندا قبووڵکراو نییە، چونکە دەبێت هۆکارەکانی چەک هەڵگرتن کە چەسپاندنی ماف و ناسنامەی گەلی کوردە، چارەسەر بکرێن.
ئەندامەکەی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە دەڵێت، نابێت پرۆسەکە تەنیا بە ئاواتخواستن و چارەسەری کاتی بەڕێوەبچێت؛ پێویستە پێگەی ئۆجەلان وەک "رێکخەری پرۆسەی ئاشتی" ببێتە یاسا و بڕیار لە پەرلەماندا، چونکە بە گوتەی ئەو، لۆژیکی نییە داوای هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە بکرێت، بەڵام سەرکردەکەی هێشتا لە زینداندا بێت.
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەی (مەهەپە) لە 5ی ئایاردا داوای دەستنیشانکردنی پێگەی ئۆجەلانی کرد لە چوارچێوەی یاسا و دواتر لە هەڤپەیڤینێکدا لە 8ی ئایار داوای نوێ کردنەوەی نەخشەرێگەی پرۆسەکەی کرد.
لەبەرامبەریشدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە 20ی ئایاری 2026 پشتراستی کردەوە کە ئەوان پێداگرن لەسەر سەرخستنی پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" و دامەزراوەکانی دەوڵەتیش بە چڕی کار لەسەر نەخشەرێگەی جیاواز دەکەن.
