رووداو دیجیتاڵ
شاندێک لە نوێنەرانی کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار و رێکخەرانی گەشت لە رووسیاوە، سەردانی شوێنە مێژوویی و کولتوورییەکانی باکووری کوردستانیان کرد و رایانگەیاند، ناوچەکە دەکرێت ببێتە وێستگەیەکی نوێ بۆ گەشتیارانی رووسی لە تورکیا.
ئەم گەشتە کولتوورییە کە رۆژی شەممە لەلایەن ئاژانسی پەرەپێدان و ناساندنی گەشتوگوزاری تورکیاوە رێکخرابوو، پارێزگاکانی دیلۆک، رووها، مێردین و ئامەدی لە باکووری کوردستان گرتەوە؛ تێیدا شاندەکە لە نزیکەوە ئاشنای سرووشت و شوێنەواری مێژوویی ناوچەکە بوون.
نوێنەرانی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی رووسیا سەرەتا لە مێردین سەردانی شوێنە مێژووییەکانی ئارتۆکلو، میدیات و نسێبینیان کرد، لەوانەش شاری مێژوویی دارێ، پەرستگەی دێرا زەفەرانێ، مزگەوتی گەورە و کەنیسەی مار یاقوب. دواتر لە ئامەد سەردانی قەڵای زەرزەوان، مزگەوتی گەورەی ئامەد، کۆمەڵگەی مۆزەخانەی ناوقەڵا و کەنیسەی ئەرمەنیی سورپ گیراگۆسیان کرد.
ئیکاتێرینا فێرسۆڤا، بەرپرسی یەکێک لە ئاژانسە گەشتیارییەکانی رووسیا رایگەیاند: "گەشتیارانی رووسی زیاتر ناوچە کەناراوییەکانی تورکیا دەناسن، بەڵام ئەم ناوچەیە کولتوور و مێژوویەکی تەواو جیاواز پێشکەش دەکات."
هەروەها ڤیکتۆرا کۆرۆلێڤسکایا خاوەن کۆمپانیایەکی گەشتیاری لە رووسیا ئاماژەی بەوە کرد، کە گەشتیارانی وڵاتەکەیان بەدوای وێستگەی نوێدا دەگەڕێن و لەمەودوا گەشتیار بۆ ئەم ناوچە دەوڵەمەندە دەنێرن.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا؛ ژمارەی ئەو گەشتیارانەی لە ساڵی 2025 سەردانی شارەکانی باکووری کوردستانیان کردووە بەم شێوەیە:
• ئامەد 1.6 ملیۆن گەشتیار
• مێردین 4 ملیۆن گەشتیار
• رووها 5.3 ملیۆن گەشتیار، 781هەزار بیانی سەردانی ( گرێ مرازا)یان کردووە
• دیلۆک 1 ملیۆن گەشتیار
رووسیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ساڵانە زۆرترین گەشتیار دەنێرنە تورکیا، بە شێوەیەک تەنیا پار نزیکەی 6.9 ملیۆن گەشتیاری رووسی سەردانی تورکیایان کردووە. بەڵام زۆربەی ئەم گەشتیارانە تەنیا روو لە شارە کەناراوییەکانی سەر دەریای نێواراست دەکەن؛ وکو شارەکانی ئەنتاڵیا و موغلا. ئێستا لەبەر رۆشنایی گۆڕانکارییە ئابووری و سیاسییەکان، تورکیا دەیەوێت لە رێگەی گەشتوگوزاری کولتوورییەوە پێگەی شارەکانی باکووری کوردستان بەهێز بکات، کە بە هۆی قەڵا و شوێنەوارە دێرینەکانیانەوە توانایەکی بەهێزیان هەیە بۆ راکێشانی گەشتیارانی بیانی.
