رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان راگەیاند، 890 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی ئایار گەیشتووە و ئەمشەو بڕیار لەسەر لیستی مووچە دەدرێت.
رۆژی دووشەممە 25ـی ئایاری 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "890 ملیار دینار پارەی مووچەی مانگی ئایار گەیشتووە، بەڵام هێشتا بڕی پارەکە تەواو نییە چونکە مووچەی مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 950 ملیار دینارە. تاوەکو ئێستا بڕیار لە لیستی مووچە نەدراوە و بڕیارە ئەمشەو ئەو بابەتە یەکلا بکرێتەوە."
لەبارەی کاتی دابەشکردنی مووچە، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد، کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە سبەی دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت، بەڵام "رێکار"ی دابەشکردن و میکانیزمەکەی هێشتا یەکلا نەکراوەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت ئەمشەو بڕیاری کۆتایی لێ بدرێت، چونکە لەناو پشووی جەژندا پارەکە گەیشتووە و رێکاری نوێی پێویستە.
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی دڵنیایی دەداتە فەرمانبەران کە لە رۆژانی جەژنی قوربانیشدا، دابەشکردنی مووچە لە رێگەی ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM)وە بەردەوام دەبێت و فەرمانبەران دەتوانن لەو رێگەیەوە مووچەکانیان وەربگرن.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، داهاتی نانەوتیی مانگی ئایار لە رێگەی لقی هەولێری بانکی ناوەندییەوە خرایەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق، کە بڕی پارەکە 50 ملیارە.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڕی 890 ملیار دیناری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی بۆ مووچەی مانگی 5 وەرگرت.
