رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای ئامەد رایگەیاند، لە رۆژانی پشووی جەژنی قورباندا 18 هەزار و 960 کارمەندی ئاسایش، جەندرمە و تەندروستی لە ئەرکدا دەبن.
بەگوێرەی راگەیێندراوی پارێزگای ئامەد لە ماوەی نۆ رۆژی پشووی جەژنی قورباندا رێکاری پێویست لە بابەتەکانی گواستنەوە، ئاسایش، خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی دەگرنە بەر و بۆ ئەم مەبەستەش 18 هەزار و 960 کارمەندی ئاسایش، جەندرمە و تەندروستی لەسەر ئەرک دەبن.
پێنج هەزار و 767 کارمەندی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئامەد بە پشتیوانیی هێلیکۆپتەر و درۆن ئاسایشی شارەکە دەپارێزن.
هەروەها 13 هەزار و 193 کارمەندی سەر بە فەرماندەیی جەندرمە لە خاڵە جیاوازەکانی ئامەد بڵاویان پێ دەکرێت.
تیمەکانی تەندروستیش بە هەزار و 620 کارمەندەوە بە شێوەی 24 کاژێر لە ئامادەییدا دەبن و ئەمبوڵانسیش لە شوێنە پێویستەکان لەسەر ئەرکدا دەبێت.
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا نۆ رۆژ پشوو بۆ جەژنی قوربان راگەیێندرا کە لە رۆژی 23ی ئایارەوە هەتاوەکو 31ی هەمان مانگ دەگرێتەوە.
