رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری کەرکووک لە 13ـیەمین ساڵیادی دامەزراندنی تۆڕی میدیایی رووداودا باس لە پاڵپشتیی "نەگۆڕی" کارگێڕیی پارێزگاکە بۆ رۆژنامەڤانان دەکات و دەڵێ، میدیا رۆڵێکی سەرەکی و کاریگەری لە سەرخستنی هەوڵەکانی کارگێڕیی کەرکووک هەیە.
محەممەد سەمعان ئاغا، پارێزگاری کەرکووک لە پەیامێکی پیرۆزباییدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، وێڕای پیرۆزبایی دەڵێ، "ئێمە لێرەوە جەخت لە پەیام و هەڵوێستی نەگۆڕی خۆمان دەکەینەوە بۆ پاڵپشتیکردنی رۆژنامەڤان و میدیاکاران، چونکە متمانەی تەواومان بە گرنگی و رۆڵی میدیا لە پشتگیریکردنی هەوڵەکانی کارگێڕیی کەرکووک هەیە."
پارێزگاری کەرکووک لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، پەرۆشن بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە پاڵپشتیکردنی رۆژنامەڤانان تاوەکو بتوانن بە باشترین شێوە ئەرکە پیشەییەکانیان ئەنجام بدەن.
هاوکات لقی کەرکووکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق پیرۆزبایی لە رووداو دەکات. مەروان عانی، سەرۆکی لقی کەرکووکی سەندیکای رۆژنامەنووسان رایگەیاند، "بەناوی رۆژنامەنووسانی کەرکووکەوە پیرۆزبایی لە کارگێڕی، ستاف و تیمی رووداو لە کەرکووک دەکەین."
مەروان عانی دەڵێ، "ساڵیادی دامەزراندنی رووداو بەڵگەیەکی دیکەی داهێنان و سەرکەوتنی ئەم دامەزراوەیەیە و نیشانەی ئەو گەشەسەندنە گەورەیەیە کاری میدیایی لە عێراقدا بەدەستی هێناوە."
تۆڕی میدیایی رووداو لە 29ی ئایاری 2013دا وەک تۆڕێکی میدیایی بە تەلەڤزیۆن، رادیۆ و پۆرتاڵ دەستی بە پەخش کرد.
پێش ئەوەی وەک تۆڕێکی میدیایی دەستبەکاربێت، رووداو لە دوو هەفتەنامەی چاپکراو پێکهاتبوو؛ وەشانێکی سیاسی و گشتی کە ژمارەی یەکەمی لە 5ی نیسانی 2008 و وەشانێکی وەرزشیش کە 4ی حوزەیرانی هەمان ساڵ یەکەمین ژمارەی دەرکرد. وەک روانگەی رووداو بۆ رۆیشتن لەگەڵ تەوژمی داهێنانی دیجیتاڵیی جیهان و لابردنی کاخەز بۆ پاراستنی ژینگە، وەرزشییەکە بە دەرکردنی ژمارە 530 لە یەکی کانوونی دووەمی 2019 و گشتییەکە بە ژمارەی 593 لە 24ی شوباتی 2020 وەستێنران.
تۆڕی میدیایی رووداو هەوڵی داوە سوود لە نوێترین داهێنانە تەکنەلۆجییەکانی بواری راگەیاندن وەربگرێ بۆ ئەوەی لە جیهانێکی پێشکەوتوودا بەردەوام لە نزیک وەرگرەکەی بمێنێتەوە. لە تەلەڤزیۆن بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی سەروو و خواروو پەخش دەکات و لە پۆرتاڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بە عەرەبی، ئینگلیزی و تورکیش هەواڵ و بەرهەمەکانی دەگەیێنێت.
ئەم تۆڕە کوردستانییە فرە زمانە دەیان خەڵاتی جیهانی و نێوخۆیی بەدەستهێناوە؛ بەهۆی پیشەیی، لێهاتوویی و متمانەیەوە بووەتە سەرچاوەیەکی سەرەکیی هەواڵ لە بارەی رووداو و پێشهاتەکانی کوردستان و ناوچەکە بۆ کەناڵ و ئاژانسە هەواڵییە هەرە دیارەکانی جیهان، دیارترینیان ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی، ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس، تۆڕی هەواڵی ئەورووپی ئینێکس.
