رووداو دیجیتاڵ
سەرنووسەری رۆژنامەی خەبات لە 13ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی تۆڕی میدیایی رووداودا دەڵێ: "رووداو بە شانازییەوە جێی خۆی لەنێو کەناڵە جیهانییەکاندا کردووەتەوە."
رۆژی هەینی، 29ی ئایاری 2026، سەلام عەبدوڵڵا، سەرنووسەری رۆژنامەی خەبات لە پەیامێکی پیرۆزبایی دا کە ئاراستەی ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداوی کردووە، دەڵێ: "بەگەرمی پیرۆزبایی رۆژنامەی خەبات و بەندە بە بەڕێزتان و تەواوی ستافی رووداو لە ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی رووداو دەگەیێنین و داوای سەرکەوتنی بۆ دەکەین."
سەلام عەبدوڵڵا دەڵێ، تۆڕی میدیایی رووداو "بە شانازییەوە جێی خۆی لەنێو کەناڵە جیهانییەکاندا کردووەتەوە."
تۆڕی میدیایی رووداو لە 29ی ئایاری 2013دا وەک تۆڕێکی میدیایی بە تەلەڤزیۆن، رادیۆ و پۆرتاڵ دەستی بە پەخش کرد.
پێش ئەوەی وەک تۆڕێکی میدیایی دەستبەکاربێت، رووداو لە دوو هەفتەنامەی چاپکراو پێکهاتبوو؛ وەشانێکی سیاسی و گشتی کە ژمارەی یەکەمی لە 5ی نیسانی 2008 و وەشانێکی وەرزشیش کە 4ی حوزەیرانی هەمان ساڵ یەکەمین ژمارەی دەرکرد. وەک روانگەی رووداو بۆ رۆیشتن لەگەڵ تەوژمی داهێنانی دیجیتاڵیی جیهان و لابردنی کاخەز بۆ پاراستنی ژینگە، وەرزشییەکە بە دەرکردنی ژمارە 530 لە یەکی کانوونی دووەمی 2019 و گشتییەکە بە ژمارەی 593 لە 24ی شوباتی 2020 وەستێنران.
تۆڕی میدیایی رووداو هەوڵی داوە سوود لە نوێترین داهێنانە تەکنەلۆجییەکانی بواری راگەیاندن وەربگرێ بۆ ئەوەی لە جیهانێکی پێشکەوتوودا بەردەوام لە نزیک وەرگرەکەی بمێنێتەوە. لە تەلەڤزیۆن بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی سەروو و خواروو پەخش دەکات و لە پۆرتاڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بە عەرەبی، ئینگلیزی و تورکیش هەواڵ و بەرهەمەکانی دەگەیێنێت.
ئەم تۆڕە کوردستانییە فرە زمانە دەیان خەڵاتی جیهانی و نێوخۆیی بەدەستهێناوە؛ بەهۆی پیشەیی، لێهاتوویی و متمانەیەوە بووەتە سەرچاوەیەکی سەرەکیی هەواڵ لە بارەی رووداو و پێشهاتەکانی کوردستان و ناوچەکە بۆ کەناڵ و ئاژانسە هەواڵییە هەرە دیارەکانی جیهان، دیارترینیان ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی، ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس، تۆڕی هەواڵی ئەورووپی ئینێکس.
