رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی نوێی پشکنەری گشتیی ئەمریکا زانیاریی لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی 2026ـدا باس دەکات. راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هێرشەکانی ئێران و گرووپە چەکدارە نزیکەکانی لەنێو عێراق کاریگەریی گەورەیان لەسەر هەرێمی کوردستان جێهێشتووە.
راپۆرتەکە وەبیری دەهێنێتەوە کە لە 24ی ئاداری ئەم ساڵ، مووشەکێک بەر بنکەیەکی پێشمەرگە لە ناوچەی سپیلک لە سنووری قەزای خەلیفانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر کەوت، کە بەهۆیەوە 6 پێشمەرگە شەهید بوون و 30ی دیکەش بریندار بوون.
پشکنەری گشتیی ئەمریکا باس لەوە دەکات، گرووپە چەکدارەکان تەنیا هێزەکانی ئەمریکایان نەکردە ئامانج، بەڵکو بە مەبەست هێرشیان دەکردە سەر دامەزراوە حکومی و ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانیش.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە 28 و 29ی ئاداردا بە درۆن هێرش کرایە سەر شوێنی مانەوەی هەریەکە لە سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ باس لەوەش دەکات کە هێرشەکان بە جۆرێک تووند بوون کە تەنانەت سوپای پاسدارانی ئێرانیش بە فەرمی سەرکۆنەی کردن.
راپۆرتەکە زەنگێکی مەترسی لێدەدات و دەڵێت: "پێشمەرگە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پێویستی نییە بۆ پاراستنی تەواوی هەرێمی کوردستان، ئەمەش وایکردووە هێزەکانی پێشمەرگە و ژێرخانی وزە لەبەردەم هێرشەکاندا زۆر لاواز بن." هەرچەندە ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر مووشەک و درۆنەکانی تێکدەشکاند، بەڵام لە ناوچەکانی دیکە، هەرێمی کوردستان بێ بەرگری دەمایەوە.
لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هێزەکانی هاوپەیمانان هەموو پشتگیری و کارە راوێژکارییەکانیان بۆ وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە راگرت. ئەمەش لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران و بە مەبەستی پاراستنی گیانی راوێژکارە ئەمریکییەکان کە بەشێکیان عێراقیان جێهێشتووە.
راپۆرتەکە هۆشداری دەدات کە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە لە ئەیلوولی 2026 کۆتایی دێت، ئەمەش داهاتووی مەشق و راهێنان و هاوکارییە سەربازییەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
لە رووی ئابوورییەوە، راپۆرتەکە دەڵێ، حکومەتی هەرێمی کوردستان هێشتا ناتوانێت بێ هاوکاریی ئەمریکا خەرجییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بەتایبەت مووچە و ئامادەیی سەربازی دابین بکات؛ ئاماژە بەوەش کراوە کە هەرێمی کوردستان 33 ملیار دۆلار قەرزی لەسەرە و بە چڕی پشتی بەو بودجەیە بەستووە کە لە بەغداوە بۆی دێت.
راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، هەرچەندە ئەمریکا بە تەواوی لە سووریا کشاوەتەوە و ژمارەی ئەندامانی هێزەکانیشی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵیی عێراقیش کەمکردوونەتەوە، بەڵام بەشێکی بەرچاوی سەربازانی لە هەرێمی کوردستان ماونەتەوە، ئەگەرچی لەوێش ژمارەیان کەمکراوەتەوە.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، لە سێ مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا کارە سەرەکییەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر و ناوەندی دیپلۆماسیی هەولێر بەڕێوەبردراون کە لەوێ سیستمی بەرگریی ئاسمانی دژی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بەکارهێندراوە.
هەروەها باس لەوە دەکات، هێزێکی کەمتر لە جاران، لە بنکەی ئاسمانیی هەریر و شوێنێکی دیکە بە ناوی "سەربازگەی دهۆک" ماون.
لەو ماوەیەدا کە ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە جەنگدا بوون، دوو هەزار و 820 ئەمریکی و بەڵێندەر و کارمەندی کۆنسووڵخانەی هەولێر بەهۆی مەترسیی هێرشەکانەوە ناوچەکەیان جێهێشت.
