رووداو دیجیتاڵ
ماجید نووریی نووسەر، لەبارەی نوێترین رۆمانی خۆی بە ناوی (گەڕانەوەی ئەوڕەحمانی نفووس) دەڵێت، لەم بەرهەمەدا هەوڵی داوە باز بەسەر هەستەکانیدا بدات و لە رێگەی کەسایەتیی شەهیدێکەوە رابردوو و ئێستای کەرکووک بەیەکەوە ببەستێتەوە.
ماجید نووری لەبارەی رۆمانە نوێیەکەی قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، رۆمانەکەی باس لە شەهید (ئەوڕەحمانی نفووس) دەکات و رەوتی گێڕانەوەکانی بە جۆرێک داڕشتووە کە شەهیدەکە وەک کەسایەتییەکی زیندوو دەگەڕێتەوە ناو شاری کەرکووک و لە گشتپرسیی کوردستاندا ئامادە دەبێت.
ماجید نووری گوتی: "ئەو شەهیدەم کردووەتە نوێنەری دوو سەردەمی جیاواز لە یەک تێکستدا، ئەمەش پێویستی بە گێڕانەوەیەکی مێژوویی هەبووە لە چوارچێوەی خەیاڵێکی وێژەییدا."
لەم رۆمانەدا، نووسەر جەختی لە گۆڕانکارییە مێژوویی و سیاسییەکانی شاری کەرکووک کردووەتەوە و گوتیشی: "چیدیکە رێگەم نەداوە رابردوویەک کە بێدەنگ کراوە بەو شێوەیە بمێنێتەوە، بەڵکو بەم گێڕانەوەیە بێدەنگیی مێژووم شکاندووە و ساتەکانی رابردووم لە ئێستادا زیندوو کردووەتەوە."
ماجید نووری روونی دەکاتەوە کە بۆ داڕشتنی وردەکارییەکانی رۆمانەکە، سوودی لەو یادەوەرییانە وەرگرتووە کە لە ماوەی 32 ساڵی رابردووی ژیانیدا لە کەسانی نزیکی خۆی بیستووە.
دەڵێت: "ئەم یادەوەرییانە دەروازەیەک بوون بۆ گێڕانەوەیەکی وێژەیی قووڵ، تێیدا ململانێی نێوان ستەمکار و ستەملێکراوم بەرجەستە کردووە کە هاوشێوەی ئەفسانەیەکی مێژوویی پڕە لە حیکمەت و بەرخودان بۆ دوورخستنەوەی ستەم لەسەر کەرکووک."
نووسەر، رۆمانی مێژوویی وەک پردێک بۆ پەڕینەوە بۆ ناو یادەوەرییەکان دەبینێت و ئاماژە بەوە دەکات، دیدگەیەکی ریالیستی و فانتازیی بۆ نووسینەوەی ئەم رووداوانە هەڵبژاردووە. "رۆمانەکەم تاوەکو رادەیەکی زۆر سەربەخۆیە لە کتێبی مێژوونووسان و تێیدا توانیومە متمانەی مێژوویی ئەو سەردەمە بۆ نووسینەکەم بەدەست بهێنمەوە."
