رووداو دیجیتاڵ
لە شاری ئێسنی ئەڵمانیا و لە کۆڕێکی کولتووریدا کە بۆ دیاسپۆرای کوردستانی سازکرابوو، رۆماننووس و ژنە شاعیری ناسراوی رۆژئاوای کوردستان، وەجیهە عەبدولڕەحمان، پێنجەمین رۆمانی خۆی بە ناونیشانی (گۆڕنەباش) ناساند و واژۆی کرد، تێیدا بەشێک لە دەقەکانی رۆمانەکەی بۆ ئامادەبووان خوێندەوە و باسی لە پرسی نووسین کرد.
سەبارەت بە ناونیشانی رۆمانەکە کە سەرنجڕاکێشە، ئەو نووسەرە بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، دەستەواژەی "گۆڕنەباش" ناوێکی لێکدراوە لەنێوان زمانی کوردی و عەرەبی دا؛ روونی کردەوە کە ئەم بوونەوەرە تەنیا وەک سیمبولێک بەکارهاتووە و گۆڕهەڵکەنە و گۆشتی مردوو دەخوات.
وەجیهە عەبدولڕەحمان کە بە زمانی عەرەبی دەنووسێت، دەنگێکی دیاری ئەدەبیاتە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، سەبارەت بە ناوەڕۆکی بەرهەمەکانی جەختی لەوە کردەوە کە نەک تەنیا رۆمانەکانی، بەڵکو چیرۆک و هۆنراوەکانیشی ناوەڕۆکیان کوردییە، هەروەها بەرهەمەکانی وەک بەڵگەیەک بۆ مێژووی کورد و بەرگریکردن لە دۆزی کورد دادەنێت.
ئەو ژنە نووسەرە وێڕای پێنج رۆمانەکەی، خاوەنی چەندین بەرهەمی دیکەی وەک شیعر و چیرۆکە و سەرجەمیان بە زمانی عەرەبی نووسراون بەڵام گوزارشت لە ناسنامە و مێژووی کورد دەکەن.


