رووداو - دیجیتاڵ
دوای سەرکەوتنی فیلمی "Despicable Me 4" وەک خۆشترین کۆمیدیای 2024، کۆمپانیای ئیلومینەیشن بەشێکی نوێی زنجیرە فیلمی "Minions & Monsters بەرهەمدەهێنێت.
فیلمی "Minions & Monsters" لە 1ی تەممووزی 2026 لە سینەماکان نمایش دەکرێت چیرۆکی فیلمەکە باس لەوەدەکات بەشێوەیەکی کۆمیدی چۆن مینیۆنەکان هۆڵیوود داگیر دەکەن، دەبنە ئەستێرەی فیلم، هەموو شتێک لەدەست دەدەن، ئەهریمەنەکان (بوونەوەری خەیاڵی، ترسناک و دڕندە) بەسەر جیهاندا ئازاد دەکەن و دواتر یەکدەگرنەوە بۆ ئەوەی هەوڵی ڕزگارکردنی زەوی بدەنەوە لەو ئاژاوە و هەڵەیەی کە خۆیان دروستیان کردووە.
زنجیرە فیلمەکە حەوتەمین فیلمی زنجیرەی "Despicable Me" و سێیەم فیلمی سەربەخۆی (مینیۆن)ـەکانە.
کاستی دەنگیی فیلمەکە کۆمەڵێک ئەستێرەی بەناوبانگ لەخۆدەگرێت، لەوانە براوەی خەڵاتی ئۆسکار ئالیسن جانی، دوو جار براوەی خەڵاتی ئۆسکار کریستۆف واڵتز، براوەی خەڵاتی ئۆسکار جێف بریجز و پاڵێوراوی ئۆسکار جێسی ئایزنبێرگ. فیلمەکە لە دەرهێنانی پیێر کۆفینە، کە دەرهێنەری فیلمە سەرەتاییەکانی زنجیرەکە بووە و هەر خۆیشی لە ساڵی 2010ـەوە دەنگی کارەکتەری مینیۆنەکان دەکات.
تێچووی فیلمی "Minions & Monsters" تەنیا 85 ملیۆن دۆلارە، بەڵام پێشبینی دەکرێت داهاتێکی گەورە کۆبکاتەوە. بەپێی پێشبینییەکانی بۆکس ئۆفیس، چاوەڕوان دەکرێت فیلمەکە لە یەکەم هەفتەی بڵاوکردنەوەیەدا لەنێوان 95 بۆ 115 ملیۆن دۆلار لە سینەماکانی ئەمریکای باکووردا بەدەستبهێنێت.



