رووداو دیجیتاڵ
نەسرین عەبدی، دەرهێنەری کورد رایگەیاند، دوای بەڵگەفیلمی 'پێشوازیی مەرگ' کە لەبارەی شەڕی دژی داعش بوو، ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی بەڵگەفیلمێکی نوێیە لەبارەی ژنێکی رزگاربووی کۆمەڵکوژیی ئەنفال.
نەسرین عەبدی، دەرهێنەر، کە بۆ نمایشکردنی فیلمی 'پێشوازیی مەرگ' سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، لە میانی بەشداریکردنی لە نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، باسی لە پڕۆژە نوێیەکانی کرد.
نەسرین عەبدی ئاماژەی بەوە کرد، فیلمە نوێیەکەی لەبارەی ژنێکی کوردەوەیە کە "بە نێو چەندین رووداوی ناخۆشدا تێپەڕیوە" و چیرۆکەکەی تایبەتە بە پرۆسەی ئەنفالەکان دژی کوردستان، نەسرین عەبدی جەختی لەوە کردەوە، پڕۆژە نوێیەکەی ئێستا لە قۆناخی مۆنتاژدایە و گوتی، "ئینشاڵڵا لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆتایی پێدەهێنین."
فیلمی 'پێشوازیی مەرگ' کە باس لە خۆڕاگری و قارەمانێتیی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعشدا دەکات، لە چەندین شاری کوردستان و کەمپی دۆمیز نمایش کراوە. نەسرین عەبدی گوتی، مەبەستی سەرەکیی ئەو، ئەوە بووە فیلمەکە پیشانی ئەو کەسایەتییانە بدات، کە لە فیلمەکەدا بەشدار بوون.
هەرچەندە فیلمەکە لە وڵاتانی ئەوروپا و جیهانیش نمایش کراوە، بەڵام هەست دەکات شوێنی راستەقینەی فیلمەکە کوردستانە. لەبەرئەوەی فیلمەکە لەبارەی پێشمەرگە، قوربانیدان و خەڵکی کوردستانە، هێنانەوەی فیلمەکە بۆ کوردستان و نمایشکردنی لێرە، بۆ نەسرین وەک "گەڕانەوە بۆ نیشتمان" وایە.
سەبارەت بە دۆخی کەسایەتییەکانی نێو فیلمەکە دوای چەند ساڵێک، نەسرین عەبدی باسی لە نارین کرد، کە هاوژینی شەهیدێکە و گوتی، "بەڵێنی بە هاوژینەکەی داوە منداڵەکانی بگەیێنێتە ئاستێکی بەرز و ئێستا هەر سێ منداڵەکەی فێری خوێندن کردووە." هەروەها باسی لە پێشمەرگەیەک بە ناوی باسل کرد، کە لە شەڕدا قاچێکی لەدەستدابوو و گوتی، "ئێستا بە قاچە دەستکردەکەی دەڕوات و پێگەیەکی باشی لەنێو هێزەکانی پێشمەرگەدا وەرگرتووە."
دەرهێنەر، خەڵکی دێرکی رۆژئاوای کوردستانە و ساڵی 2012 هاتووەتە باشووری کوردستان و لە کەمپی دۆمیز نیشتەجێ بووە، لە ساڵی 2019 چووەتە ئەڵمانیا و ماوەی 7 ساڵە لە شاری دۆسلدۆرف دەژی، لە قسەکانیدا گوتی "دەمەوێت فیلمێکی زۆر گەورە لەسەر رۆژئاوای کوردستان دروست بکەم."

_page-0001.jpg&w=3840&q=75)
