رووداو دیجیتاڵ
دۆسێیەکی گەندەڵی لە فەرمانگەی بیانییەکانی شاری کوێلنی ئەڵمانیا ئاشکرا دەبێ و بەو هۆیەوە ژمارەیەک پەناخواز مافی مانەوەیان لێ دەسەندرێتەوە.
شارەوانیی کوێلن رایگەیاندووە، کارمەندێکی فەرمانگەکە بەناوی سوبحا ئێل کە تەمەنی 37 ساڵە، بە گەندەڵی مافی مانەوەی داوەتە ژمارەیەکی زۆر پەناخواز و لەو رێگەیەشەوە لەگەڵ هاوژینەکەی 73 هەزار یۆرۆیان پەیداکردووە.
بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی تاوەکو ئێستا کراون، سوبحا لەگەڵ هاوژینەکەی و دوو کەسی دیکە تۆڕێکی بەقاچاخ بردنی کۆچبەرانیان هەبووە. ئەوان کۆچبەرەکانیان لە قوبرسەوە بە بەڵگەنامەی ساختەی هاوژینی لەگەڵ ژنان و پیاوانی بولگاری بردووەتە ئەڵمانیا و لەوێ بە مامەڵەی هاوژینی داوای مافی مانەوەیان بۆ کردوون.
ئەو کەسەی بڕیاری لەسەر کەیسەکان و داواکارییەکان داوە هەر سوبحا خۆی بووە و یەکسەر مافی مانەوەی داوەتە پەناخوازەکان.
ئەو کارمەندەی فەرمانگەی بیانییەکان لە ناوچەی ئیرنفێلدی کوێلن کاری کردووە، کە لەوێ ژمارەیەکی زۆر دیاسپۆرانشینی کوردستانیش دەژین.
ئێستا جگە لەوەی مافی مانەوەی لەو کەسانە دەستێندرێتەوە کە سوبحا پێیداون، کارمەندەکەش لە کار دوورخراوەتەوە و سزا دەدرێ.
بڕیاروایە مانگی دووی ساڵی داهاتوو سوبحا و ئەندامانی دیکەی تۆڕەکە لە شاری دارمشتادی ئەڵمانیا دادگایی بکرێن. لەئێستایشەوە پارێزەرەکەی رایگەیاندووە کە سوبحا ئامادەیە دان بە تەواوی وردەکارییە تاوانکارییەکاندا بنێت.
