رووداو دیجیتاڵ
تێیم ئادەمس، دەرهێنەری کوردی خەڵکی عەفرین کە ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی، کار لەسەر پرۆژەیەکی نوێی سینەمایی بە ناوی "برینەکانی نیشتمان" دەکات و دەیەوێت سینەمای کوردیدا بباتە ئاستێکی جیهانی.
تێیم ئادەمس، خاوەنی چەندین بەرهەمی ناوازەیە و لەگەڵ ئەکتەرە ناسراوەکانی هۆلیوود و ئەڵمانیا کاریکردووە. ئێستا خەریکی بەرهەمهێنانی فیلمێکی نوێیە بە ناوی "برینەکانی نیشتمان،" ئەم فیلمە لە ئەڵمانیا و ئەمریکا، ئوسترالیا، کوردستان و ئایسلەند بەرهەم دەهێنرێت.
ئەو دەرهێنەرە ئاماژە بەوە دەکات، سینەما بۆ ئەو تەنها کارێکی هونەری نییە، بەڵکو پردێکە بۆ گەیاندنی دیدگا و فیکری خۆی بە جیهان.
تێیم ئادەمس کە ئەندامی سەندیکای دەرهێنەرانی ئەڵمانیایە، خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندە لە بواری سینەمای نێودەوڵەتیدا و بەرهەمەکانی لەسەر پلاتفۆرمە جیهانییەکانی وەکو ئەمازۆن پرایم و ئەپڵ تیڤی پیشاندەدرێن.
لەبارەی سەختییەکانی کارکردنی لەنێوان فیکری کوردی و سینەمای جیهانیدا دەڵێت، "بەڕاستی زەحمەت بوو، وەک دەرهێنەرێکی کورد و خاوەن فەلسفەو ڕۆشنبیریی خۆمم و بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانیش کاردەکەم. سەخت بوو کە بۆیان بسەلمێنم من کوردم، بەڵام دەتوانم فیلمی ئەمریکیش بە فیکرو فلسفەی خۆیان دروست بکەم. بەڵام سەركەوتم و بڕوام بە خۆم هەبوو."
ئەو دەرهێنەرە جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەیەوێت لەڕێگەی سینەماوە چیرۆکی گەلی کورد بگەیێنێتە جیهان، نەک تەنها وێنەی کورد وەک قوربانی لە هەواڵەکاندا پێشان بدرێت.
ئادەمس دەڵێت، "دەمەوێت ناسنامەی کورد بە جیهان بناسێنم و پێشانیان بدەم کە کورد چۆنە. نامەوێت خەڵک هەمیشە کورد لەسەر هەواڵەکان وەک قوربانی ببینن، یان فیلمێک بێت تەنها شەڕ و خوێنی تێدا بێت. ئێمە چیرۆکی زۆر خۆشمان هەیە کە شایستەی ئەوەن بە بڵاوکردنەوەیان جیهان لە راستیی کورد تێبگەیێنین."
پرۆژەی داهاتووی ئەم دەرهێنەرە فیلمێکی درامیی مێژووییە کە نیوەی وێنەگرتنی لە کوردستان و نیوەکەی دیکەی لە ئوسترالیا دەکرێت. چیرۆکەکە لەسەر خێزان، خاك و یادەوەرییەکانە و سیناریۆکەی لەلایەن خۆیەوە نووسراوە.



