رووداو دیجیتاڵ
خەڵاتی ئەم ساڵی دەزگای جەمال نەبەز درایە نووسەر و مێژوونووس عەبدولرەقیب یووسف.
دەزگاکە، کە بنکەی سەرەکیی لە بەرلینە، ساڵانە کەسایەتییەکی ئەکادیمی کولتووری خەڵات دەکات کە خزمەتێکی گەورەی پێشکێشی کوردستان و گەلەکەی کردبێ، ئەمەش وەک زیندووڕاگرتنی تێکوشان و هەوڵەکانی بیرمەندی کوردایەتی، پرۆفیسۆر جەمال نەبەز.
جەمال نەبەز زیاتر لە نیو سەدەی تەمەنی لە دیاسپۆرا و زۆرتریش لە شاری بەرلین ژیا. ئەو هاونیشتمانییە بە کتێب، لێکۆڵینەوە و هەوڵە ئەکادیمییەکانی رۆڵی گەورەی هەبوو لە دروستکردنی هۆشیاریی کوردایەتی لەنێو چەندین نەوەی هاونیشتمانییانی کوردستانی.
ئێستاش، دوای کۆچی دوایی خۆی، دامەزراوەکەی بەردەوامە لە درێژەپێدانی ئەو رێگەیەی جەمال نەبەز گرتبوویەبەر.
هەڵۆ بەرزنجەیی، لە بەڕێوەبەرایەتیی دەزگای جەمال نەبەز، بە بەرنامەی دیاسپۆرای راگەیاند کە مەراسیمی خەڵاتکردنەکە لە ئەڵمانیا و کوردستانەوە بووە. عەبدولرەقیب و ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی ئەکادیمی لە کوردستان بوون و بەشێوەی ئۆنلاین لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتیی دیکە کە لە ئەڵمانیا و سوێد بوون مەراسیمەکەیان بەڕێوەبردووە.
د. هانەلۆرە کوێشلەر، سەرۆکی دەزگای جەمال نەبەز و هاوژینی مامۆستا نەبەز، پیرۆزبایی لە وەرگری خەڵاتەکە کرد و ئەویش گوتوویەتی، خەڵاتکردنەکە دووەمین گەورەترین خەڵاتە کە وەریگرتبێ و یەکەمین خەڵاتیش شیعرێک بووە کە کاتی خۆی مامۆستا نەبەز لەسەر ئەو هۆنیویەتەوە.


