رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت بۆ سێیەم رۆژی لەسەریەک بەرزبووەوە. بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای ئەوە هات کە ئێران هێرشی کردە سەر پێگەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و لە بەرامبەریشدا ئەمریکا چەندین شوێنی لە دوورگەی قشم کردووەتە ئامانج.
لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 2% بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 97 دۆلار و 6 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش زیاتر لە 1 دۆلار بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 94 دۆلار و 89 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران بە درۆن و مووشەک هێرشی کردووەتە سەر کوێت و بەحرەین، بەڵام بەرپەرچی هێرشەکانیان داونەتەوە.
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێرشی کردووەتە سەر بارەگای فەرماندەیی پێنجی ئەمریکا.
ئێران و ئەمریکا هەفتەی رابردوو رایانگەیاندبوو، گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ راگرتنی شەڕ، بەڵام هەردوولا هێشتا هیچ رێککەوتنێکیان واژۆ نەکردووە.
کریس وێستۆن، بەرپرسی توێژینەوە لە کۆمپانیای راوێژکاری (پێپێر ستۆن) لە مێلبۆرن، لەو بارەیەوە دەڵێت، "هەفتەی رابردوو ئاراستەکە بەرەو جۆرێک لە یاداشتی لێکتێگەیشتن بوو و بازاڕەکانیش هیوایەکی زۆریان هەبوو کە ئەوە روودەدات."
ئەو شارەزایە دەڵێت، "ئێستا بارودۆخەکە ناڕوونترە. ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی دوو لایەن بە هەڵوێستێکی توندترەوە دەگەڕێننەوە سەر مێزی دانوستان و لەبەر ئەوەش هەندێ لەو گرەوانەی لەسەر رێککەوتنەکە کرابوون پێموایە هەڵدەوەشێنەوە."
.jpg&w=3840&q=75)


