رووداو دیجیتاڵ
بازاڕی کاری ئەمریکا لە مانگی ئایاردا ئەنجامێکی باشی تۆمار کرد و توانی زیاتر لە دوو هێندەی ئەو هەلی کارانە بڕەخسێنێت کە شارەزایانی ئابووری پێشبینییان دەکرد. رۆژی هەینی، داتاکانی حکومەت نیشانیاندا کە گەورەترین ئابووریی جیهان باشتر دەبێ و بێکاریش وەک خۆی لە 4.3%دا جێگیرە.
گەشەیەکی چاوەڕواننەکراو
رۆژی هەینی 5ـی حوزەیرانی 2026، نووسینگەی ئاماری کار لە ئەمریکا بڵاویکردەوە کە لە مانگی ئایاردا 172,000 هەلی کاری نوێ لە کەرتە جیاوازەکاندا رەخسێندراون.
ئەم ژمارەیە زۆر زیاترە لەو 80 هەزار هەلی کارەی کە ناوەندە ئابوورییەکان پێشبینییان دەکرد.
هەروەها پێداچوونەوە بە ئامارەکانی مانگی ئادار و نیسانیش کراوە و دەرکەوتووە کە 93 هەزار هەلی کاری زیاتر لەوەی پێشتر راگەیێندرابوو، رەخسێندراون، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە بازاڕی کار لە دۆخێکی ناسەقامگیرەوە بەرەو گەشەیەکی بەردەوام هەنگاو دەنێت.
سێکتەرە باش و خراپەکان
کەرتی گەشتیاری و میوانداری لە مانگی رابردوودا گەورەترین بازدانی بەخۆیەوە بینی و 70 هەزار هەلی کاری نوێی رەخساند، کە ئەمە زۆر لەسەروو تێکڕای ساڵانەی خۆیەوەیەتی.
کەرتی تەندرووستیش وەک هەمیشە بەهێز مایەوە و 35,000 هەلی کاری دابین کرد.
لە بەرانبەردا، کەرتی دارایی و بانکەکان رووبەڕووی کێشە بوونەوە و 22,000 هەلی کاریان لەدەستدا؛ کەرتی گواستنەوەی ئاسمانیش 9,000 هەلی کاری تێدا کەم بووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی (Spirit) کارەکانی خۆی راگرت.
ئەو دۆخە لە کاتێکدایە، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لەگەڵ ئێران لە قۆناخێکی هەستیاردایە. جەنگەکە گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر بازاڕەکانی جیهان و نرخی سووتەمەنی بەرز کردووەتەوە. لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهوو سەرنجیان لەسەر یەکلاییکردنەوەی بەرەکان و گۆڕینی رێڕۆی جەنگەکەیە، واشنتن هەوڵ دەدات لە ناوخۆدا سەقامگیریی ئابووری بپارێزێ تاوەکو باری دارایی هاووڵاتیانی دانەڕمێت.



