رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت رۆژی هەینی دابەزی؛ هۆکاری دابەزینی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بازرگانان لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا گەشبینن بە رێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، سەرەڕای ئەوەی هێشتا هەردوولا بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی یەکتر.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور یەک دۆلار و 94 سەنت دابەزی و لە ئاستی 93.09 دۆلار جێگیر بوو. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسیش دوو دۆلار و 50 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 90.54 دۆلار کۆتایی بە مامەڵەکانی ئەم هەفتەیە هێنا.
فیل فلین، شارەزای بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای راوێژکاریی (پرایس فیوچەرز) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بازاڕی نەوت پێی وانییە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران زیاتر لەوەی هەیە پەرەبسێنێت؛ وادیارە بازاڕ هێوربوونەوەیەکی پێوە دیارە."
کۆمپانیای پەرەپێدانی نەوتی عومان رایگەیاند، هەناردەکردنی نەوت لە بەندەری (مینا فەحل) نەوەستاوە، سەرەڕای ئەوەی سێ سەرچاوە بە رۆیتەرزیان رایگەیاندبوو کە بارکردنی نەوت بەهۆی تەقینەوەیەک لە نزیک شوێنی لەنگەرگرتنی کەشتییەکان راگیراوە. عومان رۆژانە 800,000 بۆ 900,000 بەرمیل نەوتی خاو لەو بەندەرە هەناردە دەکات.
دابەزینی رۆژی هەینیی نرخەکانی نەوت نەبووە هۆکار بۆ ئەوەی نەوت قازانجەکانی ئەم هەفتەیەی بە تەواوەتی لەدەست بدات. لە ماوەی یەک هەفتەدا، نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 1٪ و نرخی نەوتی سووکی تەکساس بە رێژەی 3.1٪ بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینیوە.
شارەزایانی (کۆمێرزبانک)ـی ئەڵمانیا لە شرۆڤەیەکدا لەسەر گۆڕانکارییەکانی بازاڕی نەوت لە ئاستی هەفتانەدا رایانگەیاند، "بەهۆی ئەوەی لە سەرەتای هەفتەدا هیواکان بۆ رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران لەبارچوون، نرخی نەوتی خاوی برێنت و گازی سروشتیی ئەوروپا لەم هەفتەیەدا بەرزبوونەوە."
نەعیم قاسم، سەرکردەی حیزبوڵڵا، رۆژی پێنجشەممە رێککەوتنێکی بە نێوەندگیریی ئەمریکا لە نێوان ئیسرائیل و حکومەتی لوبنان بۆ راگرتنی شەڕ رەتکردەوە. ئێران ئاگربەستی لوبنانی کردووەتە مەرج بۆ هەر رێککەوتنێکی ئاشتی لەگەڵ واشنتن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند کە پێیوایە پێشکەوتن لە نێوان ئیسرائیل و لوبناندا هەیە و لوبنان شایەنی ئەوەیە ئاشتیی تێدا بێت.
تۆنی سیکامۆر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای راوێژکاریی (IG) لە تێبینییەکدا نووسیویەتی، "دۆخی بازاڕی نەوت بە تەواوەتی گرێدراوە بە سەردێڕی هەواڵەکانی پەیوەست بە جەنگی ئێرانەوە."
هەیسەم ئەلغەیس، ئەمینداری گشتیی ئۆپێک، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند کە ئۆپێک پێداگرە لەسەر پێشبینییەکانی بۆ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر نەوتی خاو بە بڕی 1.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بۆ ئەمساڵ، سەرەڕای جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داخرانی تەنگەی هورمز.
بەپێی زانیارییەکانی کەشتیوانی، هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا دابەزیوە، کە بە پلەی یەکەم بەهۆی گەمارۆی دەریایی ئەمریکاوەیە.



