رووداو دیجیتاڵ
هەر مسقاڵێک زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە رۆژی پێنجشەممە زیاتر لە 30 هەزار دینار دابەزی.
عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 933 هەزار دینارە، عەیاری 22 بە 978 هەزار دینارە".
هەر ئەمڕۆ نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 18 بە 800 هەزار دینار، عەیاری 14 بە 622 هەزار دینارە و عەیاری 12 بە 533 هەزار دینارە.
پێنجشەممە نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 965 هەزار دینار، عەیار 22 بە ملیۆنێک و 11 هەزار دینار بوو؛ مسقاڵێک عەیار 18 بە 827 هەزار دینار، عەیار 14 بە 643 هەزار دینار و عەیاری 12 بە 551 هەزار دینار بوو.
لە بازاڕەکانی جیهان نرخی زێڕ رۆژی هەینی نزیکەی 3% دابەزی، دوای ئەوەی راپۆرتی بازاڕی کاری ئەمریکا ئەو پێشبینییانەی بەهێزتر کرد کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوود بۆ ماوەیەکی درێژتر بە بەرزی دەهێڵێتەوە.
نرخی زێڕ لە دوایین ساتی داخستنی بازاڕدا بە رێژەی 2.96٪ دابەزی و ئۆنسەیەک بە 4318 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، ئەمەش نزمترین ئاستی نرخی کانزای زەردە لە 24ـی مانگی 3ـی ئەم ساڵەوە. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی 8ـی ئەم ساڵدا بە رێژەی 3.1٪ دابەزی بۆ 4365 دۆلار.
دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا، سوودی قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا و بەهای دۆلار بەرزبوونەوە کە زیانی گەورەیان لە نرخی زێڕ دا. لە دوای جەنگی ئێرانەوە نرخی زێڕ 17٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
هەرچەندە زێڕ وەک پەرژینێک دژی هەڵئاوسان دەبینرێ، بەڵام بەرزبوونەوەی رێژەی سوودی بانکی دەبێتە هۆکاری دابەزینی نرخی ئەو کانزایە.



