رووداو دیجیتاڵ
بەراورد بە رۆژانی جەژنی قوربان، نرخی مریشک لە هەرێمی کوردستان دابەزی. سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی و گەرمیان دەڵێ، لە کێڵگەکان کیلۆیەک مریشک 2900 دینارە و هۆکاری دابەزینەکە دابەزینی نرخی ئالیکە.
کۆتایی مانگی رابردوو، کیلۆیەک مریشکی زیندوو چوار هەزار دینار بوو. کاروان عومەر، فرۆشیاری مریشک لە شاری سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی گوت: "کیلۆیەک مریشک دەدەینە 3 هەزار و 400 دینار".
محەممەد عەلی، فرۆشیاری مریشک لە شاری هەولێر بە رووداوی گوت: "کیلۆیەک مریشک بە 3 هەزار و 650 دینارە".
نازم عەبدوڵڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی و گەرمیان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کیلۆیەک مریشک لە کێڵگەکان 2 هەزار و 900 دینارە. نرخ دابەزیوە، چونکە نرخی ئالیک بۆ پەلەوەرخانەکان دابەزیوە".
سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی و گەرمیان گوتی: "بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگ لە ناوچەکە، تۆنێک ئالیک بەرزببووەوە بۆ 825 هەزار دینار، لەکاتێکدا پێش جەنگ 610 هەزار بوو، ئێستاش دابەزیوەتەوە و بە 700 هەزار دینارە".
لە هەرێمی کوردستان، خواستی زۆر لەسەر مریشکی زیندووە بەراورد بە بەستوو. بۆ دابینکردنی مریشکیش هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک لە هەرێمی کوردستان بەخێودەکرێن، کە بەرهەمەکەیان نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشتە.
ژمارەی پەلەوەرخانەکان بەپێی پارێزگاکان:
- هەولێر: 576 پەلەوەرخانە
- سلێمانی: 727 پەلەوەرخانە
- دهۆک: 344 پەلەوەرخانە
- هەڵەبجە: 35 پەلەوەرخانە



